“سیناریۆكەی خۆرئاوا” بۆ نەخۆشیی ئاوڵە چییە و ڕۆڵی بیڵ گەیتس لە بڵاوبوونەوەیدا چی بووە؟

لە میدیای خۆرئاوا و عەرەبیدا باس لەوە دەكرێت بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوڵە (سورێژەی مەیموون) دەستكردە و پێشتر خۆرئاوا سیناریۆكەی داڕشتووە، لەو نێوەندەشدا بیڵ گەیتس خاوەنی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت تۆمەتباردەكرێت.

ئەوەی لە میدیادا بڵاوكراوەتەوە دەڵێت، “سیناریۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوڵە” لە كۆنگرەی ئاسایشی میونشن لە ساڵی 2021دا داڕێژراوە و تەنانەت كاتی سەرهەڵدانی نەخۆشییەكە و ژمارەی قوربانییەكانی و وادەی كۆتاییهاتنی دیاریكراون.

“سیناریۆكە” باسی لە سەرهەڵدانی نەخۆشیی ئاوڵە و بڵاوبوونەوەی كردووە و ڕایگەیاندووە، “ڕۆژی 15ی ئایاری ساڵی 2022 سەرهەڵدەدات و لە كانوونی یەكەمی ساڵی 2023دا كۆتاییدێت”.

وەك لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا خراوەتەڕوو، سیناریۆكە باسی لەوە كردووە كە “سێ ملیار و 200 ملیۆن كەس لە سەرتاسەری جیهاندا تووشی نەخۆشیی ئاوڵە دەبن، لەو ژمارەیە 271 ملیۆن كەسیان بەهۆی كاریگەرییەكانی تووشبوون بەو نەخۆشییە دەمرن”.

ئەوەی مایەی سەرنجە، دروست لەو ڕێكەوتەی دەوترێت لە “سیناریۆكە”دا دەستنیشانكراوە، نەخۆشیی ئاوڵە لە چەندین وڵاتی جیهاندا سەریهەڵدا و ڕێكخراوی تەندروستیی جیهان و حكومەتەكانی خۆرئاوای سەرقاڵكردووە.

نەخۆشیی ئاوڵە (سورێژەی مەیموون) نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی گواستراوەیە، لە ئاژەڵە كێوییەكان و بەتایبەت مەیموونەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، لە وڵاتانی كیشوەری ئەفریقا، بەریتانیا، ئیسپانیا، پرتوگال، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و نەمسا بڵاوبووەتەوە و چەندین حاڵەتی تووشبوون بەو نەخۆشییە تۆمارکراون.

نەخۆشییەکە لە مرۆڤێکی تووشبووەوە دەگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە لە ڕێگەی بەرکەوتن بە شلە دەردراوەکانی جەستەی کەسی تووشبووەوە.

لە بەدواداچوونێكی تۆڕی میدیایی ئێستا-دا لەبارەی ئەو پرسەوە، دەركەوت كە بابەتەكە شێوێندراوە و لە كۆمێنتی بەشێك لە بەكارهێنەرانی تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر لە ئەمریكا سەرچاوەیگرتووە.

لەگەڵ سەرهەڵدانی نەخۆشییەكەدا، ئەو كەسانەی تویت و كۆمێنتیان كردووە، باسیان لەوە كردووە كە لە كۆنگرەی ئاسایشی میونشن-دا بیڵ گەیتس خاوەنی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت پێشبینیی سەرهەڵدانی نەخۆشیی سورێژەی مەیموونی كردووە و زانیویەتی كەی بڵاودەبێتەوە، بەڵام ڕاستیی بابەتەكە وەك لە بەدواداچوونەكەی ئێستا-دا دەركەوتووە، ئەوەیە كە بیڵ گەیتس باسی لە ئەگەری هێرشی تیرۆریستیی بایۆڵۆجی لە داهاتوودا كردووە.

بیڵ گەیتس لە كۆنگرەكەدا وتوویەتی، “چی ڕوودەدات گەر تیرۆریستان نەخۆشیی ئاوڵە (بەبێ ئەوەی جۆرەكەی دەستنیشانبكات كە لە مەیموونەوە دەگوازرێتەوە یاخود بە شێوازێكی تر) لە 10 فڕۆكەخانەی جیهاندا بڵاوبكەنەوە؟”.

وتەكانی خاوەنی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت لە كۆنگرەكەدا، لە چێوەی خستنەڕووی مەترسییە چاوەڕوانكراوەكانی داهاتوودا بوون و وەك یەكێك لە ئەگەرە پێشبینیكراوەكان باسكراوە، بەبێ ئەوەی جۆری نەخۆشییەكە و كات و جوگرافیای بڵاوبوونەوەی دەستنیشانبكرێن.

ئەو “سیناریۆ”یەی دەوترێت خۆرئاوا بۆ نەخۆشیی ئاوڵە دایڕشتووە
بابەتی پێشتر

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی ڕاپەڕین پێكدەهێنرێت

بابەتی دواتر

ڕاگەیەندراوێك لە پۆلیسی سلێمانییەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share