هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح دەڵێت، سەرۆك مام جەلال ڕابەرێكی نیشتمانی و كەسایەتییەكی ئیلهامبەخش بوو كە جێدەستی بە ڕوونی بە مێژووی عێراقەوە دیارە.
لە پەیامێكدا كە بۆ پێنجەم ساڵڕۆژی ژیانئاوایی سەرۆك مام جەلال بڵاویكردەوە، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح نووسیویەتی، “لە پێنجەم ساڵڕۆژی ژیانئاوایی سەرۆك مام جەلال-دا، ئەو كەسایەتییە ئیلهامبەخش و باوكانەیەمان بە بیردێتەوە كە جێدەستی بە ڕوونی بە مێژووی عێراقەوە دیارە، لە ڕۆژانی خەبات و تێكۆشاندا لە نزیكەوە ناسیمان جەنگاوەرێكی ئازا و هێمای تێكۆشانی گەل و وڵاتەكەی بوو”.
ڕاشیگەیاندووە، “لە ڕۆژانی دەسەڵاتداری و دەوڵەتیشدا نموونەی دانایی و لەخۆبردوویی بوو، زانایی و تێگەیشتنێكی قووڵی لە كاروباری بەڕێوەبردن و سیاسەتدا هەبوو، بە زیرەكییەوە مامەڵەی لەگەڵ هەموو گرفتەكانی عێراق و ئاڵۆزییەكانیدا دەكرد و ڕێگەچارەی بۆ دەدۆزینەوە، مام جەلال خۆشەویستیی هەموو عێراقییەكانی بەدەستهێنابوو چونكە هەموویانی خۆشدەویست و ماڵەكەی بووبووە كۆكەرەوەی گشت سەركردەی هێزە نیشتمانپەروەرەكان، زۆربەی كێشە و ناكۆكییەكان لەسەر مێزی گفتوگۆی دۆستانەی مام جەلال كە لێوانلێوبوو لە ڕووخۆشی و خۆشویستن چارەسەردەكران”.
هادی عامری دەڵێت، ڕێبازی كۆچكردووی گەورە تەنها موڵكی خۆی و خانەوادە بەڕێزەكەی یاخود كوردستان نییە، بەڵكو ڕێبازی ڕابەرێكی عێراقییە كە لەبیرناكرێت، دەبێت ئەو ڕێبازە كارتێكەربێت لە ئەزموونی سیاسیی عێراقدا و سیاسەتمەدارانی وڵات لێوەی فێری ئارامگرتن و نێوەندگیری و دڵسۆزی و تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان ببن”.
سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح لە كۆتایی پەیامەكەیدا نووسیویەتی، “یەزدان كۆچكردووی ئازیزمان بخاتەبەر میهرەبانیی فراوانی خۆی و دروودی ڕێزگرتن بۆ یادی دەنێرین، سڵاوێكی دۆستانە بۆ هەردوو كوڕەكەی مامۆستایان بافڵ و قوباد و خانەوادە بەڕێزەكەیان و سڵاو بۆ هەموو هاوڕێبازەكانی لە ڕێگەی تێكۆشان و بەخششدا”.