عێراق هەنگاو بۆ دامەزراندنی وێستگەی ئەتۆمی دەنێت

بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانەیە

دەستەی عێراقی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ماددە تیشكدەرەكان ڕایدەگەیەنێت، لیژنەی نیشتیمانیی دامەزراوە ئەتۆمییەكان تاوتوێی 20 ناوچەی پاڵێوراو دەكات بۆ دامەزراندی وێستگەی ئەتۆمی.

كەمال حسێن لەتیف، سەرۆكی دەستەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، تائێستا 20 ناوچە دیاریكراون، دواتر چەند ڕێوشوێنێكی زانستی پەیڕەوكراوی جیهانی دەگیرێتەبەر بۆ دیاریكردنی پێنج ناوچەیان، پاشان تەنها دوو دانەیان دیاریدەكرێن، یەكێكیان بنەڕەتی و ئەوی دیكەیان جێگرەوە.

دەستنیشانكردنەكە بۆ دامەزراندنی وێستگەیەكی ئەتۆمییە بۆ كاروباری ئاشتییانە و بڕیارە پاش یەكلاكردنەوەی ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت.

كەمال حسێن لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح-ی نیمچە فەرمی ئەوەشی خستەڕوو، هەڵبژاردنەكە پشت بە دوو قۆناغ دەبەستێت، قۆناغی یەكەم بریتییە لە ئامانجە هونەرییەكان و پێداویستییەكانی هەڵبژاردن و هەڵسەنگاندن و چاوخشاندن بە پرسی ژمارەی دانیشتوان، كە دەبێت نزیكترین شوێنی دانیشتوان لێیەوە 5.2 كیلۆمەتر بێت و ژمارەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەش 500 كەس بێت لە یەك كیلۆمەتر چوارگۆشەدا، هەروەها ژمارەی دانیشتوان لە دووری 30 كیلۆمەتری شوێنەكە زیاتر نەبێت لە 65 هەزار كەس.

جگە لەوە دۆخی زەوی ناوچەكە لەڕووی بومەلەرزەوە یەكێكی دیكە لە مەرجەكان كە پێویستە زەوییەكەی پلێتی تەكتۆنی تیانەبێت و هیچ بومەلەرزەیەكی زیاتر لە دوو پلەی ڕێختەری لەماوەی 50 ساڵی ڕابردوو تیاڕووینەدابێت.

ئەو بەرپرسە چەند مەرجێكی دیكەی تایبەت بە هەڵبژاردنی ناوچەكە خستەڕوو، لەوانە زەوییەكەی تەخت بێت و گڵێكی جێگری هەبێت و بەرزی و شاخ و گردی گەورە یان دۆڵی لە دووری 20 كیلۆمەتری دەوروبەری ناوچەكەدا نەبێت، هەروەك باشترە بەرزی ناوچەكە زیاتر نەبێت لە 350 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا بە لەبەرچاوگرتنی كوڵان و بەهەڵم بوونی ئاوی وێستگەكە.

قۆناغی دووەمیش هەڵسەنگاندنی ناوچەكە دەبێت لەڕووی ئەمنییەوە، وەك ئەوەی دەستەی عێراقی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ماددە تیشكدەرەكان ئاماژەی پێدا.

بابەتی پێشتر

پارێزەرانی سزادراوانی بادینان تانەیان لە بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە دا

بابەتی دواتر

ستافی پزیشکی مارادۆنا سزای زیندانی هەمیشەیی دەدرێن

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە ماوەی هەفتەیەکدا لە سلێمانی بە نزیکەی نیوەی هەموو پارێزگاکانی عێراق کارتی بایۆمەتری وەرگیراوەتەوە

نوسینگەی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماری وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری دەنگدانی لەلایەن هاوڵاتییانەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە…
Total
0
Share