براوەی خەڵاتی نۆبڵی پزیشکیی ئەمساڵ کێیە؟

خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی بەخشرایە زانای سویدی سڤانتی پابۆی تەمەن (67) ساڵ، بەهۆی ڕۆڵی لە ڕێکخستنی بۆهێڵەکانی مرۆڤە سەرەتاییەکان.

ئەو لیژنەیەی بەرپرسیارە لە هەڵبژاردنی براوەکان دەڵێت،  دەستنیشان کردنی سڤانتی پابۆ بەهۆی ئەوەی کە، “بناغەی داناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی کە چی وا لە مرۆڤ دەکات ناوازە بێت، بە نیشاندانی ئەو جیاوازییە بۆماوەییانەی کە هەموو مرۆڤەکانی ئێستا لە مرۆڤە لەناوچووەکان جیادەکاتەوە”.

لیژنەکە لە هۆکاری بڕیارەکەیدا زیادی کردووە، “جیاوازییە بۆماوەییەکانی نێوان مرۆڤی ژیری ئێستا و نزیکترین باوباپیرانمان کە لەناوچوون زۆر گەورە بوون، ئەو جیاوازییانەش بەهۆی کارەکانی پابۆوە دەستنیشانکران”.

پابۆ بۆی دەرکەوت کە گواستنەوەی جینەکان لە نێوان ئەو مرۆڤانەی لەناوچوون و مرۆڤی ژیردا ڕوویداوە. ئەم گواستنەوەیەی جینەکانی مرۆڤی کۆن بۆ مرۆڤی مۆدێرن کاریگەریی فیسیۆلۆژیی هەبوو، بۆ نموونە کاریگەریی لەسەر شێوازی کاردانەوەی سیستەمی بەرگریمان بەرامبەر نەخۆشیەکان .

باوکی پابۆ بە ناوی سۆن بێرگەرستەر لە ساڵی 1982دا خەڵاتی نۆبڵی پزیشکیی پێبەخشراوە.

ئەم خەڵاتە پاداشتە داراییەکەی بڕی 10 ملیۆن کرۆنی سویدییە کە (نزیکەی 920 هەزار یۆرۆ) دەکات.

ساڵی ڕابردوو خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی لەلایەن هەردوو زانای ئەمریکی ئێردم پاتابۆتیان و دەیڤید ژولیۆسەوە بەدەستهات، بەهۆی دۆزینەوەی شێوازی گواستنەوەی گەرمی و دەست لێدانی سیستەمی دەمارەکانی مرۆڤ.

ساڵانە ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکانی نۆبڵ لە ستۆکهۆڵم بەڕێوەدەچێت، بۆ سەبەینێ سێشەممە براوەی خەڵاتی نۆبڵی فیزیا و چوارشەممە کیمیا ڕادەگەیەنرێت، خەڵاتی ئەدەب و ئاشتی ڕۆژی هەینی، کە تاکە خەڵات کە لە ئۆسلۆ ڕادەگەیەنرێت، وەرزی نۆبڵ ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو بە خەڵاتی ئابووری کۆتایی دێت.

بابەتی پێشتر

جارێکی دیکە هێرشکرایە سەر بانکێکی لوبنانی

بابەتی دواتر

هادی عامری: سەرۆك مام جەلال ڕابەرێكی نیشتمانی بوو جێدەستی بە ڕوونی بە مێژووەوە دیارە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share