پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان لە ساڵڕۆژی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلالدا، ڕایگەیاند، سنگ فراوانی و پشوودرێژییەكەی وایلێكردبوو لایەنە ناكۆكەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆبكاتەوە و جەختیشدەكاتەوە، مام جەلال ئازابوو لە ئاشتبوونەوە و بەیەك گەیاندنی لایەنە ناكۆكەكاندا.
ئەبوبەكر هەڵەدنی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “سەرۆك مام جەلال ڕۆڵێكی گەورەی لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا گێڕا و برا عەرەبەكان بە (صمام الامان) ناویان دەبرد و ئەو سەنگ فراوانی و پشوودرێژییەی وایلێكردبوو لایەنە ناكۆكەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆبكاتەوە و بە داخەوە لە دوای كۆچی دوایی ڕۆژ بە ڕۆژ كێشەكان كەڵەكە دەبن”.
ئاشكرایكرد، “مام جەلال بە ئەزموون و شارەزابوو لە سیاسەتدا و ئازابوو لە ئاشتبوونەوە و بەیەك گەیاندنی لایەنە ناكۆكەكان و دوای كۆچی دوایی بۆشایيەكی گەورە لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا دروستبوو”.