ئەنجومەنی نوێنەران، وەزیری نەوت بانگێشتدەكات و لە بارەی كۆمپانیای نیشتمانیی نەوت و چەندین دۆسیەی ترەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكات.
بەپێی وتەی شیداد فارس ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەمنزیكانە ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوت و ستافی پێشكەوتووی وەزارەتەكە بانگێشتی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێن بە مەبەستی تاوتوێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە بارەی كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتەوە.
ڕوونیكردەوە، لە دانیشتنەكەدا لێپرسینەوە دەكرێت سەبارەت بە چەندین پرسی پەیوەست بە كۆمپانیاكە و كارەكانی، لەوانە ئەو گرێبەستانەی لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی نەوت واژوویكردوون و زیان بە بەرژەوەندیی گشتی دەگەیەنن، بەبێ ئەوەی ناوەڕۆكی گرێبەستەكان ئاشكرابكات.
ئەندامەكەی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، هۆكارێكی تری بانگێشتكردنی وەزیری نەوت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، بڕیارەكانی ئەمدواییەی وەزارەتی نەوتن كە “بە شێوەی هەڕەمەكی” چەند بەڕێوەبەرێكی گشتی و ژمارەیەك پسپۆڕی گواستووەتەوە.
تۆڕی میدیایی ئێستا، هەوڵی بەدەستخستنی زانیاریی زیاتری لە بارەی بانگێشتكردنی وەزیری نەوتەوە دا كە ئایا لە بارەی دۆسیەی نەوت و غازی هەرێمیشەوە گفتوگۆدەكرێت؟ لە وەڵامدا د. گەیلان قادر ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ شتێكی فەرمییان لە بارەی ئەو دۆسیەیەوە پێنەگەیشتووە و وادەی دانیشتنەكەش دیارینەكراوە.