خۆڵبارین هەڕەشە لە پشتێنەی سەوزایی عێراق دەکات.. عێراق بەرەو بیابانبوون دەڕوات

دوای تێپەڕینی 16 ساڵ بەسەر دروستکردنی “پشتێنەی سەوزایی” لە عێراق تەنها بەشێکی بچووکی ئەو پلانە لە کەربەلا جێبەجێکراوە، لەکاتێکدا پرۆژەکە نزیکەی 72 کیلۆمەترە لەو شارە، ئەمە سەرەڕای خراپی پرۆژەکانی ئاو و کەمیی چاندنی درەختی نوێ.

بەپێی پێگەی Phys Orgی زانستی، پشتێنەی سەوزایی لە عێراق کە پرۆژەیەکە بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی بەبیابانبوون و خۆڵبارین دەستیپێکرد، سەرەڕای سستی و کەمیی ئەو بەشەی جێبەجێکراوە، ئەو بەشە جێبەجێکراوەشی تووشی شکست بووە بەهۆی وشکبوونەوە.

پرۆژەکە چاندنی دەیان هەزار درەختی بەردار، زەیتون و خورمای دەگرتەوە کە لە ساڵی 2006 دەستیپێکرا، بەمەبەستی دروستکردنی پشتێنەیەکی پارێزەری سەوزایی لە بەشێک لە شارەکانی عێراق.

ئێستا چەندین کێشەی ژینگەیی هەڕەشە لە عێراق دەکات لەوانە، وشکەساڵی، بەبیابانبوون، دەستنەکەوتنی ئاو بۆ ژیانی ئاسایی خەڵک لەسەرتاسەری وڵاتەکەدا.

ئەوەی تا ئێستا لە پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی لە عێراق جێبەجێکراوە تەنها 26 کیلۆمەترە لە کەربەلا.

پێگەکە لەزاری ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەربەلاوە دەڵێت، گرنگینەدانی حکومەتی خۆجێی بەو پرۆژەیە وایکردووە شکستبهێنێت.

ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆی 16 ملیار دینار کە بۆ پرۆژەکە بڕیاری لێدرابوو، تەنها نۆ ملیار دیناری بۆ خەرجکراوە.

ئەو پشتێنەیە دەتوانێت بەشێک لەو خۆڵبارینەی وڵاتەکە دەگرێتەوە کەمبکاتەوە و وابکات کاریگەرییەکانی کەمتربێت.

لە سەرەتای مانگی نیساندا دوو شەپۆلی خۆڵبارین عێراقی گرتەوە کە هەردوو شەپۆلەکە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا بوو، ئەو دوو شەپۆلی خۆڵبارینە گەشتە ئاسمانییەکانی لە عێراق ڕاگرت سەدان کەسیش چوونە نەخۆشخانەکان بەهۆی دورستبوونی کێشە لە کۆئەندامی هەناسەیان.

عامر جابری بەرێوەبەری نوسینگەی کەشناسیی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، شەپۆلی خۆڵبارین لەمساڵدا زۆر دەبێت و ئەوەش مایەی نیگەرانییە.

زۆربوونی ئەو دیاردەیەش هۆکارە بۆ زیاتربوونی مەترسییەکانی وشکەساڵی، بەبیابانبوون و کەمبوونەوەی بارانبارین، لەگەڵ ئەوەشدا کەمی ڕووبەری سەوزایی هۆکارێکی دیکەیە.

عێراق بەرادەیەکی زۆر ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا بووەتەوە، دوای ئەوەی ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکردووە لە کەمی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەم ساڵانەی دواییدا.

لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا بانکی نێودەوڵەتی هۆشداریدا لەوەی عێراق تا ساڵی 2050 ڕێژەی 20%ی داهاتی ئاو لەدەستدەدات بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا.

هۆکارێکی دیکەی کەمی ئاو لە عێراق دروستکردنی بەنداوەکانە لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە.

دانیشتووانی کەربەلا سەبارەت بەو بەشە کەمەی پشتێنەی سەوزایی باسیان لەوەکردووە، کە لەگەڵئەوەی درەختەکان خۆیان وشکبوون بەڵام ڕووبەڕووی هەڵکێشان و لەناوبردنیش دەبنەوە لەلایەن خەڵکەوە.

پێگەکە لە زاری نەزیر ئەنساری پسپۆڕی سامانی ئاو لە زانکۆی لۆلیای سویدی بۆ تەکنەلۆژیا بڵاویکردووەتەوە، ساڵانە عێراق 100 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی کە دەکاتە نزیکەی (250 کیلۆمەتری چوارگۆشە) لەدەستدەدات.

ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو زەوییانە دواتر دەگۆڕێن بۆ ناوچەی بیابانی، هۆشداریش دەدات لەوەی عێراق ڕووبەڕووی شەپۆلی زیاتری خۆڵبارین دەبێتەوە.

بابەتی پێشتر

دۆلار زیاتر دابەزی

بابەتی دواتر

لە نەجەف یەکەم گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون تۆمارکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share