بۆكان جاف بە “زۆر گرنگ” ناویدەبات
گووگڵ پڕۆژەیەكی دیكە سەبارەت بە زمانی كوردی زیاددەكات

دوای زیادكردنی شێوەزاری سۆرانی بۆ وەرگێران، بڕیارە گووگڵ بەمنزیكانە پڕۆژەیەكی دیكە سەبارەت بە زمانی كورد زیادبكات، بۆكان جاف وردەكارییەكەی باسناكات، بەڵام بە زۆر گرنگ ناویدەبات.

دوای ئەوەی لە 11ی ئایاری ڕابردوودا زمانی كوردیی شێوەزاری سۆرانی بۆ وەرگێڕی گووگڵ زیادكرا، دواتریش زمانی كوردی بۆ بەرهەمەكانی دیكەی گووگڵ زیادبووە.

بۆكان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بەهۆی كارابوونی زمانی كوردییەوە، لەئێستادا بۆ نمونە دەتوانیت لەڕێی گووگڵ كۆرمەوە ڕاستەوخۆ هەر سایتێك یەهەر زمانێك بكەیتەوە و بە كلیكلێك بیكەیت بە كوردی.

دووەم هەنگاوی گەورەی بۆ زمانی كورد كاراكردنی سیستمی دەنگە كە ئێستا هەنگاوی پێویستی بۆ نراوە. بۆكان جاف وتی، “بەداخەوە ماوەی 16 بۆ 17 ساڵە ناتوانین دەنگ ببەخشین، نزیكەی مانگێك لەمەوبەر كۆبوونەوەیەكم لەگەڵ ئەندازیارێكی گووگڵدا ئەنجامدا بۆ كاراكردنی سیستمی دەنگ و بەخشینی دەنگ بە گووگڵ”.

بە وتەی ئەو زیادكردنی هەر زمانێك بۆ گووگڵ بە دوو قۆناغە، قۆناغی یەكەم دانپێدانیەتی كە سەبارەت بە شێوەزاری سۆرانی لە 2019/5/31دا بوو، قۆناغی دووەمیشی كاراكردنی داتاكانی گووگڵ بوو بۆ ئەوەی بكرێت بە كوردی.

ئەو شارەزایە وتیشی، “سەبارەت بە سیستمی دەنگیش بەهەمان شێوە دوو قۆناغە، قۆناغی یەكەم كارابكرێت، قۆناغی دووەمیش ئەوەیە دەنگ ببەخشین بە گووگڵ و كارای بكەین، كۆبوونەوە لەگەڵ ئەندازیارەكە بۆ ئەو مەبەستە بوو” ئەویش لەڕێی خوێندنەوەی هەموو ئەو ڕێنوسانە دەبێت كە لە بەرنامەی تایبەتی گووگڵدا ئامادەیە و دەنێردرێت، دوای خوێندنەوەی كە نزیكەی 500 بۆ 600 كاتژمێری دەوێت، ڕاستەوخۆ ڕۆبۆتەكانی گووگڵ فێری زمانی كوردی دەكرێن بە سیستمی دەنگ و دواتر گۆڕینی دەنگ بۆ تێكست كارادەبێت.

گەشبینی خۆیشی نیشاندا بەوەی ئەنجامی ئەو كۆبوونەوەیە لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا دەبێت.

دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس ئاماژەی بە پڕۆژەیەكی دیكە كرد كە “دیاریكراو و مێژوویی” ناویبرد، بەبێ ئەوەی وردەكارییەكەی ئاشكرابكات و ئەوەی خستەڕوو، پڕۆژەیەكی زۆر گرنگە، كاری تیاكراوە و لە داهاتوودایەکی نزیکدا تەواو دەبێت.

ئەوەشی وت، “پڕۆژەكە بەهۆی هەندێك كێشەوە كەمێك دوادەكەوێت، بەڵام دڵنیام زۆر ناخایەنێت، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بڕیارماندا بۆ ئەوەی ئەنجامێکی مێژوویی هەبێت کەمێکی دیكە کاری تێدا بکەین”.

دەربارەی كاركردنیشی لەگەڵ گووگڵ تایبەت بە زمانی كوردی وتی، “لە ڕابردوودا دەستكاریی نزیكەی چوار هەزار وشەی كوردی كۆكراوەی گووگڵدا كردووە، بەهۆی ئەوەی دامەزرێنەی كۆمەڵەكەم هەندێك ئەرك لەسەرشانمە و دەبێت وازیلێنەهێنم، بۆیە هەتا بتوانم و كاتم هەبێت بەردەوام دەبم لەسەر ئەم پڕۆژانە”.

بابەتی پێشتر

بڕیارێكی نوێ بۆ فرۆشتنی یەكەكانی نیشتەجێبوون دەركرا

بابەتی دواتر

لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود ئۆتۆمبێلێك ئاگریگرت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share