وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق داوا لە هەریەکە لە دامەزراوەکانی بەکارهێنەری ئاو دەکات لە وەزارەتی کشتوکاڵ، کۆمەڵە کشتوکاڵییەکان، حکومەتە خۆجێییەکان، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، شارەوانی و گەشتوگوزار هاوکاریی وەزارەتی ئاو بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کەم ئاوی و ڕێکخستنی بەکارهێنانی ئاو بە شێوەیەکی ڕێکخراو.
شانەی ڕاگەیاندنی حکومەتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، وەزارەتی ئاوی عێراق بەپێی بەدواداچوونەکان بۆپ پێشبینییەکانی کەشوهەوا سەبارەت بە پاییزی ئێستا کە لەڕێگەی مانگە دەستکردە تایبەتەکانەوە، سەرجەم پێشبینییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەم پایزە پاییزێکی وشک دەبێت.
ئاماژە بەوەشدەکات، ئەوە مەترسییەکان لەسەر کشتوکاڵی زستانە زیاتر دەکات و پێشبینییە بۆ شەپۆلێکی وشکەساڵیی دیکە بۆ چوارەم وەرز لەسەر یەک کە مەترسی و هەڕەشەکان بەرزدەکاتەوە.
وەزارەتی ئاوی عێراق داوای لە هەموو لایەک کردووە، چ دامەزراوەکانی کەرتی بەکارهێنانی ئاو بێت یان هاوڵاتییان، کە بەکاربردن لە ئاودا ڕێکبخەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەی ئێستا کە هەموو جیهان و عێراق بە تایبەتی پێیدا تێدەپەڕن، هەروەها بە مەبەستی دەستەبەرکردن و گەیاندنی ئاو بە هەموو شوێنەکان.
ئەمە لەکاتێکدایە ئێستا عێراق بە وشکەساڵییەکدا تێدەپەڕێت کە لە دوای ساڵی 1930ـەوە هاوشێوەی نەبووە.