بەرگریی ئەمریكا و پێشمەرگەی هەرێم یاداشتی لێكتێگەیشتنیان نوێكردەوە

واژووكردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نوێکراوەی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی پێشمەرگە

هەریەك لە یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریكا و وەزیری پێشمەرگە یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوانیان بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هەرێم نوێكردەوە.

ئەمڕۆ سیلێست واڵاندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریکا و شۆڕش ئیسماعیل عەبدوڵا، وەزیری کاروباری پێشمەرگە واژۆی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نوێکراوەی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد بۆ بەردەوامیدان بە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکانی تێکشکاندنی داعشدا.

لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا هاتووە، ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە نوێکراوەیە کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2016دا واژووکرا، ڕەنگدانەوەی هەماهەنگیی دوورمەودای نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەروەها پابەندی هاوبەشیشیانە بۆ تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش.

دەشڵێت، لەڕێی ئەم لێکتێگەیشتنەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەندی خۆی بۆ پشیوانیکردنی ڕۆڵ و بەشداریی هێزەکانی پێشمەرگە دووپاتدەکاتەوە لە پرۆسەکانی تێکشکاندنی داعشدا وەک پێکهاتەیەکی هێزە ئەمنیەکانی عێراق.

یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە هەم دەستنیشانی ئەو بەرەپێشچوونانە دەکات کە لەبواری چاکسازیی بنەڕەتیی دامەزراوەکاندا بەدەستهاتوون، هەمیش پابەندی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی زیاتر بە ئامانجی زیاتر پرۆفێشناڵکردنی هێزەکانی لەخۆدەگرێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا شان بەشانی خەڵکی عێراق لە ناویشیاندا خەڵکی هەرێمی کوردستان دەوەستێت لەکاتێکدا عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر و خاوەن سەروەری بنیاد دەنێن، وەك ڕاگەیەندراوەكە ئاماژەی پێداوە.

واژۆکردنی یاداشتنامەکە لە ژێر چاودێری نێچیرڤان بارزانی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی پێشمەرگە و بە ئامادەیی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئەنجامدرا کە جەختکردنەوەی پابەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە هەماهەنگی بەردەوامی ئەمنی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا لە چێوەی دەستووری عێراق و پرۆگرامی چاکسازیی پێشمەرگەدا.

بابەتی پێشتر

فێدرەر: پاشگەز نابمەوە

بابەتی دواتر

ساڵنامەی "فۆرمولا 1" لە 2023دا ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

محەمەد شیاع سودانی: هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی راگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و تورکیا دەدەین

محەمەد شیاع سودانی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەڵەتیی سلێمانی و تورکیا رایگەیاند، گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا دەکەن و…
Total
0
Share