بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی هەولێر دەڵێت، ڕۆژانە 76 گەشتی چوون و هاتن لە فڕۆكەخانەكەیانەوە ئەنجامدەدرێت و گەشتەكانیش لەگەڵ 19 وڵاتی جیهاندان.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ڕۆژانە 76 گەشتی ئاسمانیی چوون و هاتن لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە ئەنجامدەدرێن.
وتیشی، “فڕۆكەخانەی هەولێر گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانی لەگەڵ 19 وڵاتی جیهاندا هەیە”.
لە دەرەوەی ئەو وڵاتانە هەر گەشتكردنێكی هاوڵاتییانی هەرێم بۆ وڵاتانی دیكە پێویستە بە ترانزێت بێت، وەك ئەوەی ئەحمەد هۆشیار ئاماژەی پێدا.
ئەوەشی وت، ئەو ژمارەیەك تاڕادەیەك جێگیرە و بەمدواییە هیچ وڵات زیادینەكردووە و وەك خۆیەتی.
دەربارەی ئەوەی پلانیان هەیە بۆ زیادكردنی گەشتەكان، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی هەولێر ئەوەی خستەڕوو، هەر هێڵێكی ئاسمانی داوای گەشت بۆ فڕۆكەخانەكەیان بكات ئەوان زەمینەی بۆ خۆشدەكەن كە گەشتەكانی دەستپێبكات، بەڵام دەبێت پێشتر ڕەزامەندی دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی عێراقی وەربگرێت، ئەوكات بڕیاردەدرێت.