قوباد تاڵەبانی: تا ئەبەد قەرزاری مامۆستایانین و داوای لێبوردنیان لێدەکەین

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێشوازی لە ژمارەیەك مامۆستا دەكات و ڕایدەگەیەنێت، “تا ئەبەد قەرزاری مامۆستایانین و داوای لێبوردنیشیان لێ دەکەین”.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە ڕۆژی جیهانیی مامۆستادا بە شانازییەکی زۆرەوە شەرەفمەندبووم پێشوازیم کرد لە چوار مامۆستای دڵسۆز و خەمخۆر، مامۆستایان؛ (جەمیلە سابیر قادر، عەبدولخالق محەمەد عەلی، عەلی عەبدوڵا ساڵح و ئیسماعیل خۆشناو) و وەک نمونەی هەموو مامۆستا دڵسۆزەکانی کوردستان خەڵاتی ڕێزلێنان و چەپکە گوڵی خۆشەویستیمان پێشکەشکردن.

لە پەیامێكیشدا قوباد تاڵەبانی وتی، “ئەو چوار مامۆستا ئازیزە و مامۆستایانی دیكە نمونەی مامۆستای دڵسۆزن کە چەند دەیەی تەمەنیان خەمخۆرانە نەوە دوای نەوەیان پەروەردە کردووە، هەربۆیە ویستمان لەڕێگەی ئەوانەوە پەیامی ڕێزلێنان ئاراستەی هەموو مامۆستایانی کوردستان بکەین کە لە سەختترین کاتەکاندا و لە سەردەمی قورستترین قەیرانەکاندا بەرگەیان گرت و نەیانهێشت کەرتی پەروەردە بوەستێت”.

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئەوەشی وت، “ئێمە تا ئەبەد قەرزاری مامۆستایانین و داوای لێبوردنیشیان لێ دەکەین کە نەمانتوانیوە وەکو پێویست وەڵامی چاکە و دڵسۆزی و بەخشەندەییان بدەینەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە بە هەموو توانامانەوە کاردەکەین بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان”.

دووپاتیشیدەكاتەوە، پێشموایە وەک حکومەت ڕەنگە باشترین وەڵام بۆ چاکە و بەخشندەیی مامۆستایان ئەوەبێت، زەمینە و دەرفەت بڕەخسێنین بۆ ئەو نەوانەی ئەوان پەروەردەیان کردوە تا بە باشترین شێوە خزمەتی وڵاتەکەیان بکەن.

 

بابەتی پێشتر

ئاسایشی سلێمانی: ئەو تۆمەتبارانەمان دەستگیركرد كە نارنجۆكیان هەڵدابووە ماڵێكەوە لە چەمچەماڵ

بابەتی دواتر

بڕیار ڕەشید: وەزارەتی نەوتی عێراق بەڵێنیدا نەوتی سپی و بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان دابینبكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share