لە قەزای دەربەندیخان، زیاتر لە (1350) پارچە كەرەستەی جوانكاری و ئارایشت و پاككەرەوە کە سەرجەمیان ماوەیان بەسەرچووبوو، دەستیان بەسەردا گیرا.
ڕاگەیاندنی قائیمقامیەتی قەزای دەربەندیخان ئاشكرایكرد، لە گەڕان و پشکنینی لیژنە هاوبەشەکانی چاودێریکردنی بازاڕ لە قائیمقامیەتی قەزای دەربەندیخان، سەردانی بەشێک لە فرۆشگە و جوانكاری و ئارایشتگەكانی ژنانیان كردووە و تەنها لە یەك فرۆشگەی بابەتەكانی جوانكاریدا، دەستگیراوە بەسەر زیاتر لە (850) پارچە پاکكەرەوەی ددان و شامپۆ و کرێم و غەسول و بابەتی دیكەی ئارایشتدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ڕاگەیاندنی قائیمقامیەتی قەزای دەربەندیخان، لە چەند فرۆشگەیەكی دیكەدا زیاتر لە (500) دانە لە جۆرەکانی پاكکەرەوەی ددان و شامپۆ و کرێم و غەسول دەستیان بەسەردا گیراوە و خاوەنی فرۆشگەكان بە پێبژاردن (غەرامە) سزادراون و شوێنەكانیان داخراون.