مامۆستایانی پەروەردەی تایبەت ئەرکیان چییە؟ لەسەر چ بنەمایەک لە قوتابخانەکان دادەنرێن؟

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم بۆ ئەمساڵ ڕەزامەندیی لەسەر دانانی ژمارەیەک لە مامۆستایانی پەروەردەی تایبەت داوە لە قوتابخانەکاندا، بەپێی وتەی سەرپەرشتیاری پەروەردەی تایبەت لە سلێمانی، پشکەکەیان زۆر کەمە لەکاتێکدا ئەرکی گرنگیان هەیە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا مامۆستا میدیا عومەر سەرپەرشتیاری پەروەردەی تایبەت لە پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند، لە پەروەردەی پارێزگای سلێمانی کە پارێزگای هەڵەبجە و گەرمیانی لێ جیاکراوەتەوە، تەنها 86 مامۆستای پەروەردەی تایبەت ڕەزامەندییان لەسەردراوە.

ئاماژەی بەوەکرد، ئەو مامۆستایانە بەپێی پێداویستیی قوتابخانەکانە و ژمارەی منداڵانی پێداویستیی تایبەت لە قوتابخانەکاندا دادەنرێن.

بەپێی سەرپەرشتیاری پەروەردەی تایبەت لە سلێمانی، ئەو ژمارە مامۆستایە بۆ سنووری سلێمانی زۆر کەمە و داوای 288 مامۆستای پەروەردەی تایبەتیان کردووە، بەڵام لە سلێمانی 86 مامۆستا، 26یان بۆ پەروەردەی ڕۆژهەڵات و 40یان بۆ پەروەردەی ڕۆژئاوا دانراون، بۆ پەروەردەی دوکان شەش مامۆستا، بۆ گەرمیان 11 و هەڵەبجەش شەش مامۆستای پەروەردەی تایبەتیان بۆ دانراوە.

سەبارەت بە ئەرکی مامۆستایانی پەروەردەی تایبەت لە قوتابخانەکاندا مامۆستا میدیا عومەر وتی، “مامۆستاکان لەگەڵ منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەتدا دەبن بۆ ڕوونکردنەوەی وانەکان و لەوەش گرنگتر کە ئەرکی سەرەکییانە تێکەڵکردنی منداڵەکانە بە منداڵانی ئاسایی واتە لایەنی کۆمەڵایەتیی منداڵەکانە”.

ڕاشیگەیاند، ئەو مامۆستایانە سیستمی “منداڵ بۆ منداڵ” پەیڕەو دەکەن لەژێر ئەو بەرنامەیەی لە جیهاندا پەیڕەو دەکرێت بەناوی “هەریەکەمان جیاوازین بەڵام هەموومان منداڵین”، کاری مامۆستاکان هاوکاریکردن و چاودێریکردنی منداڵەکانە.

لەبارەی دانانی مامۆستاکانی پەروەردەی تایبەت لە قوتابخانەکان سەرپەرشتیاری پەروەردەی تایبەت لە سلێمانی دەڵێت، ئەو مامۆستایانە بەپێی پێداویستیی و ژمارەی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دادەنرێن، لەبەرئەوەی ژمارەکە کەمە بۆیە دەبێت هەر قوتابخانەیەک ژمارەی زۆری ئەو منداڵانەی تێدابوو بۆیان دابینبکرێت.

دوێنێ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە سلێمانی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 600 مامۆستای تایبەت بەشێوەی وانەبێژ دادەنێن لە قوتابخانەکاندا، ئەمە لەکاتێدایە لە سلێمانی لە ساڵی 2018ەوە دەرچووی ئەو بەشە هەیە و زیاتر لە 700 دەرچوویان هەیە.

بابەتی پێشتر

دەستگیرا بەسەر 1350 پارچە كەرەستەی تایبەت بە ژنان

بابەتی دواتر

جوتیار عادل: كابینەی نۆیەم توانیویەتی به‌سه‌ر قه‌یرانه‌كاندا زاڵبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share