ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە بڕینی كارەبای كارەبا ئەو ماڵانەی قەرزداری كارەبان دەڵێت، “بەپێی بڕیاری حكومەت بێت دەبێت بە 12 قیست لە 12 مانگدا قەرزی كارەباكە بدەنەوە”.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی كارەبای ماڵان و سێكتەرەكانی پیشەسازی و بازرگانی و كشتوكاڵ لەلایەن وەزارەتی كارەباوە و بڕینی كارەبای ئەو هاوبەشانەی قەرزنادەنەوە، ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی سكاڵایان كردووە و دەڵێن، “فەرمانگەكانی كارەبا ئاگاداركردنەوەیان بۆ ناردوون، دەڵێن، “ئەگەر ئەو قەرزەی لە سەرتانە نەیگەڕێننەوە كارەباتان دەبڕدڕێت”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “بۆ بەدواداچوونی ئەم پرسە لەگەڵ وەزیری كارەبا و دواتر لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیی كارەبای سلێمانی قسەمانكرد، داوای ئاسانكاریمان كرد بەوەی دۆخی گوزەرانی خەڵك و بازاڕ ڕەچاو بكرێن”.
ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاند، “ئێستا بڕیارەكەی حكومەت بەم شێوەیە، بۆ قەرزی بازرگانی و كشتوكاڵ و پیشەسازی لە سنووری هەولێر و دهۆك بە شەش قیستی شەش مانگی وەردەگیرێتەوە، لە سنووری سلێمانی بە سێ قیستی سێ مانگی وەردەگیرێتەوە”.
ئاشكرایكرد، “بۆ قەرزی كارەبای ماڵان كراوە بە 12 قیستی 12مانگی، داهاتی هەر سنوورەو بۆ خودی سنوورەكە خۆی دەبێت، واتە، داهاتی سلێمانی بۆ سنووری سلێمانی خەرجدەكرێتەوە”.
دەشڵێت، “داوای (مەقاسەمان) كردووە، زۆرێك لە ماڵان مووچەخۆریان هەیە و حكومەت قەرزاری مووچەخۆرانە و پێویستە قەرزی مووچە بخرێتە بەر پارەی خزمەتگوزاریی ( مقاسە) یان پێبیكرێت یاخود بازرگانان و خاوەنكارەكان كە قەرزیان لای حكومەتە”.