بانكێك 25 ملیۆن دینار قەرز دەدات بە هاوڵاتییان و كاسبكاران و مەرجەكان ئاشكرادەكات.
بانكی ڕافیدەین ئاشكرایكرد، قەرزی پڕۆژەی بچووك دەدەن بە هاوڵاتییان و كاسبكاران كە بڕەكەی دەگاتە 25 ملیۆن دینار و چەند توێژێك دەتوانن مامەڵەی وەرگرتنی قەرزەكە پێشكەش بكەن.
لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردەوە، بانكی ڕافیدەین ڕایگەیاند، هاوڵاتییانی خاوەن فرۆشگە و شوێنكار و پیشەكانی دیكە، دەتوانن لە قەرزی پڕۆژەی بچووك سوودمەندببن و تا 25 ملیۆنیان پێدەدرێت.
لەبارەی ماوەی دیاریكراو بۆ دانەوەی قەرزەكە، بانكی ڕافیدەین ڕوونیكردەوە، سوودمەندبووان لە ماوەی شەش ساڵدا قەرزەكانیان لێوەردەگیرێنەوە و لە ئێستاوە دەتوانن مامەڵەی وەرگرتنی ئەو قەرزانە پێشكەش بە گشت لقەكانی بانكی ڕافیدەین بكەن.
تا ئێستا بانكی ڕافیدەین لقی لە هەرێمی كوردستان نییە، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا د. نەرمین مەعروف، پەرلەمانتاری یەكێتی و ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، بە مەبەستی كردنەوەی لقەكانی بانكی ڕافیدەین لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، سەردانی لقی سەرەكیی ئەو بانكەی لە شاری بەغداد كردووە و وتی، “بەرپرسانی بانكەكە جەختیانكردەوە كە داواكارییەكەم بە نووسراوێك ئاراستەی وەزارەتی دارایی دەكەن بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی لەسەر ئەو بابەتە”.