بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی چاوەڕوان دەكرێت یەكەم بارانی پاییزە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە.
دەستەی کەشناسیی عێراق ئەمڕۆ ڕایگەیاند، سبەی دووشەممە پلەکانی گەرما لە پارێزگاکانی بەغداد، کەربەلا، بابل، واست، کەرکوک و موسڵ نزیکدەبێت لە پلەی گەرمای ڕۆژانی ڕابردوو و بەرزترین پلەی گەرما 43 پلە دەبێت، بەڵام لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەرزترین پلەی گەرما 38 پلە دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، “پلەکانی گەرما هاوشێوەی ڕۆژانی ڕابردوو دەبێت، لەگەڵ بوونی پەڵەهەور لە هەندێک شوێندا”.
سەبارەت بە کەشوهەوای ڕۆژی چوارشەممە، کەشناسیی عێراق ئاشکرایکرد، “لە ئاسمانی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشور پەڵەهەور دەبێت، لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، ئاسمان لە ساماڵەوە بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت، ئەگەری بارانبارین لە هەندێک شوێن هەیە”.
دەربارەی ڕۆژی پێنجشەممە، بەپێی پێشبینییەكان پلەکانی گەرما دابەزینی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور چەند پلەیەک، بەڵام لە ناوچەکانی باکوور و هەرێمی كوردستان دابەزینی زیاتر بەخۆیانەوە دەبینن، باران لە هەندێک ناوچە دەبارێت.