ئامادەكاری بۆ خوێندنەوەی دووەم دەكرێت
پەرلەمان ڕوونكردنەوە لەبارەی پڕۆژەیاسای نوێی كار دەدات

لە پەرلەمانی كوردستان ئامادەكاری بۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای نوێی كار دەكرێت و جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی دەڵێت، بە دەرچوواندنی دەبێتە یاسایەكی زۆر پێشكەوتوو لە ناوچەكەدا.

دوای ئەوەی لە سەرەتای تەمموزی ئەمساڵدا پڕۆژەیاسای نوێی كار لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پەسەندكرا و ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرا، لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و لەئێستادا لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی ئامادەكاری بۆ هەنگاوەكانی داهاتوو تا پەسەندكردنی دەكات.

گوڵستان سەعید، جێگری سەرۆكی لیژنه‌ى کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكى لە مافی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، پڕۆژەیاسای نوێی كار پەیوەندیدارە بەو كەسانەی لە كەرتی تایبەتدا كاردەكەن، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، ئێستا لە ئامادەكاریداین بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت.

وتیشی، “هەفتەی ڕابردوو ڕێكخراوی كاری نێودەوڵەتی، سیمینارێكی پێنج ڕۆژەی لەسەر یاساكە، ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتووی دیكەی دنیا، ماف و ئەركەكانی كرێكار و خاوەنكار، بەراوردی یاساكەی ئێستا بەو پڕۆژە نوێیەی یاسای كار و بەراوردی پڕۆژەكە بە یاسای كاری عێراق ئەنجامدا”.

گوڵستان سەعید ئەوەشی وت، ئامادەكارییان كردووە بۆ ئەوەی ڕێكخراو و سەندیكاكانی تایبەت بە كرێكاران بانگێشتی پەرلەمان بكەن، تا سەرنج و تێبینییەكانیان لەسەر پڕۆژەیاساكە وەربگرن، بەردەوامیش دەبن لەو ڕووەوە بۆ ئەوەی ڕاپۆرتی دووەم كە بۆ خوێندنەوەی دووەمی ئامادەدەكەن، بەشێوازێك بێت یاساكە بێكەموكوڕی بێت، ئەگەر هەر كەموكوڕییەكیشی تیابێت بتوانن پڕیبكەنەوە.

بەر لە ڕەوانەكردنی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی زنجیرەیەك سیمینار و كۆنفرانسی ئەنجامداوە، تیایاندا كەسانی پەیوەندیدار و شارەزای نیودەوڵەتی بانگێشتكرا و بە بەشداریی ئەوان پڕۆژەكە نوسراوەتەوە و ئامادەكراوە.

جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی وتی، پێویست دەكات بەشێوازێك ئەو یاسایە پەسەندبكرێت كە هاوسەنگی لە نێوان خاوەنكار و كرێكاردا ڕابگرێت و مافی هەردوولاش بپارێزێت.

دەربارەی خاڵە گرنگەكانی یاساكەش ئەوەی خستەڕوو، كرێكار ماوەی كاركردنی دیاریكراوە، بەپێی لێهاتوویی و شارەزاییەكەی و بەپێی ئەو ڕێنماییەی دواتر لەلایەن وەزارەتی كارەوە دەرچێت كرێی شایستەی دیاریدەكرێت، هەروەها گرنگی و بایەخەكەی لەوەدایە كەرتی تایبەت ڕێكدەخاتەوە.

بۆ تەواوكاریی یاساكەش پێویستە دواتر لەلایەن وەزارەتی كارەوە پڕۆژە یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی و خانەنشینی كرێكار ڕەوانەبكرێت، وەك ئەوەی گوڵستان سەعید ئاماژەی پێدا و وتی، ئەوەش دەبێتە هۆكارێك بۆ تەواوكردنی مافی كرێكار لەڕووی دڵنیاییەوە و وای لێدەكات متمانەی بە كارەكەی هەبێت، لەكاتێكدا لە كەرتی تایبەت ئیشدەكات.

بەپێی بەشێكی دیكەی پڕۆژەیاساكە چەند نووسینگەیەك پێكدەهێندرێن، كە هێزی كار بۆ ناوەندەكانی كار دابیندەكەن، پەرلەمانتارەكە ڕوونیكردەوە، لە پڕۆژەكەدا ئەو نوسینگانە ڕێكخراون و كاركردنیان بە وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەختە دەبێت، ئەركی كرێكاریش لەو نوسینگانەش ڕێكخراوە.

دووپاتیشیكردەوە، بە دەرچوواندنی دەبێتە یاسایەكی زۆر پێشكەوتوو لە ناوچەكەدا، بەراورد بە عێراقیش ژمارەیەك ئەرك و ماف بۆ كرێكار دابینكراوە كە لە یاساكەی عێراقدا نییە.

چاوەڕوان دەكرێت لەم وەرزەی یاساداناندا پەرلەمانی كوردستان یاساكە تێبپەڕێنێت، یەكێك لەو بڕگانەی تیایدایە تایبەتە بە مافی خانەنشینبوون و دەستەبەری كۆمەڵایەتی. گوڵستان سەعید وتی، “ڕۆڵی كارای دەبێت لە بەدەستهێنانی مافی كرێكاردا، وایلێدەكات لەدوای پەككەوتن و بەتەمەن بوونی هەست بەوەنەكات كە هیچ سەرچاوەیەكی بژێوی نابێت”.

جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە حكومەت خۆی ڕێكبخاتەوە، ئەگەر دەیەوێت دامەزراوەیی و دژ بە گەندەڵی بێت و چاكسازی بكات، دەبێت سندوقی دەستەبەری كۆمەڵایەتی و سندوقی خانەنشینی پارێزراوبن و متمانەپێكراوی خەڵكی كوردستان بێت و وتی، “متمانەی نەبێت، هیچ كەسێك ئامادەنییە بڕی دەستەبەری كۆمەڵایەتییە بدات، ئەمەش گرفتی دیكەی لێدەكەوێتەوە”.

جێگری سەرۆكی لیژنەكە دووپاتیشیكردەوە، یاسای نوێی كار یاسایەكی زۆر گرنگە و سەروەری و شانازییەكی گەورە دەبێت بۆ ئەم خولە بەمەرجێك بێ كەموكوڕی بێت، هەوڵبدەین زۆرترین هاوسەنگی لەنێوان خاوەنكار و كرێكار بهێنینەدی و مافی كرێكاری تیا پارێزراوبێت.

بابەتی پێشتر

وادەی یەکەم بارانبارینی پایز ڕاگەیەندرا

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی سێ پرسەوە کۆدەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پەرلەمانتارێك: بانگەشەی هەڵبژاردن پاساوی ڕاگرتنی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان نییە

ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی پەكخستووە، بووەتەهۆی ئەوەی كاریگەریش لەسەر ژیانی…
Total
0
Share