وەزارەتی كشتوكاڵ، 32 ملیار دیناری بۆ پارەی گەنمەشامیی ئەمساڵی جوتیاران تەرخانكرد.
بەپێی وتەی عەباس سالم بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق، پلانی پەرەپێدانی كەرتی كێڵگەكانی پەلەوەریان خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و پشتیوانیی ئەو كەرتە دەكەن بۆ ئەوەی زیاتر ببووژێتەوە و بەرهەمی خۆماڵی زۆرتربێت.
كاربەدەستەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ ئەمڕۆ شەممە بە میدیای فەرمیی حكومەتی ڕاگەیاند، بەپێی بڕیاری 183ی وەزارەتی كشتوكاڵ، بە ڕێژەی 55% باج خراوەتەسەر بەرهەمی هاوردەكراو و دەیانەوێت پەرە بە بەرهەمی خۆماڵی بدرێت و مافی بەكاربەر بپارێزرێت.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ ئاشكرایكرد، لەگەڵ جێبەجێكردنی پلانەكەدا، كاردەكەن بۆ ڕێگریكردن لە بەرزبوونەوەی نرخی هێلكە و گۆشتی مریشك، بۆ ئەو مەبەستە 32 ملیار دینار تەرخانكراوە بۆ كڕینی بەرهەمی ئەمساڵی گەنمەشامیی جوتیاران و دابەشكردنی بەسەر كێڵگەكانی پەلەوەردا.