قوباد تاڵەبانی: یان دەبێت بەیەکەوە کاربکەین یان ئامانج ناپێکین

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی دژ بە ژنان بە “مار و پەیژە” دەچوێنێت و دەڵێت، دوای ئەوەی بە كۆششێكی زۆر گومانلێكراو بە تاوانی كوشتن دەستگیردەكرێت “بە بڕیارێكی دادگا دێینەوە سەر خاڵی سفر”، بۆ سەركەوتن لەو پرسەشدا دەڵێت، یان دەبێت بەیەکەوە کاربکەین یان ئامانج ناپێکین.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وتارێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ڕایگەیاند، دوابەدوای هەوڵ و کۆششی هێزە ئەمنییەکان کە بە پشتیوانیی هاوڵاتییان و میدیاکارانی خەمخۆر، گومانلێکراوێک بە تاوانی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان دەستگیردەکەین، بە بڕیارێکی دادگا دێینەوە سەر خاڵی سفر.

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، “ماوەیەکە لەسەر دیاردەکانی زیادبوونی ڕووداوی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان و کوشتنیان (بە دەست ئەو پیاوانەی وا دەزانن شەرەفیان بەزێندراوە، بەڵام ئەوان هەرگیز شەرەفیان نەبووە) لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومی و ناحکومیش کۆدەبمەوە. هەموو ئەوانەی لەگەڵیان دادەنیشم قسەی باش دەکەن، بەڵام هەمووشیان دەڵێن: ئەم دیاردەیە بە قسە بنەبڕناکرێت”.

کرداریش بریتیە لە یاسا، ڕێنمایی، ئیجرائات، بەدواداچوون، هوشداریدان و کاری دەستەجەمعی بە گشتی، ئەمانە و چەندین ئالییەتی دیكە پێویستە وەک یەک تیپی ئۆرکێسترا کاربکەن، ئەگەر یەکێکیان ڕۆڵی خۆی نەگێڕێت پارچە میوزیکەکە دەشێوێت، ئەمە بۆ دەزگاکانی ‌حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تریش ڕاستە، بەتایبەت لە بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، یان دەبێت بەیەکەوە کاربکەن یان ئامانج ناپێکن. ئەگەر یەکێک لە ئەندامانی ئەم ئۆرکێسترایە بە ئەرکی خۆی هەڵنەستێت، یان خەمسارد بێت، فەراغێک دروست دەبێت کە شکستمان پێدەهێنێت، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی وتارەكەدا هاتووە.

دەشڵێت، “زۆر توڕە بوم کە بیستم تۆمەتبارێک بە کوشتنی دوو کچەکەی بە هۆکارێکی لاواز و بە ناو نەبوونی بەڵگەی شایستە ئازادکراوە. ئەمە چ پەیامێک ئەدات بەو بێ شەرەفانەی ژن دەکوژن؟ پێیان ئەڵێت: ئەگەر کچی خۆتت کوشت بڵێ من نەبووم، کورە بچووکەکەم بوو، دوایی ئازادئەکرێت. تا ئەوکاتەش، کوڕەکەتت ناردوەتە ماڵە کۆنە جاشێک کە دووربێت لە دەستی هێزە ئەمنییەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەت”.

قوباد تاڵەبانی ئەوەشدەخاتەڕوو، بەداخم کە تاکو ئێستاش هەندێک دادوەرمان خەمساردن لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی توندوتیژی دژی ژنان. من پێتان دەڵێم: خۆ هەر ڕۆژێک دێت ئەو بێ شەرەفەی کە کچەکەتی کوشت، سەر دەرەکاتەوە.

ڕوو لە بكوژرانیش دەڵێت، دڵنیام خۆت وەک بە ناو باوکێک، هەموو شەوێک کە دەچیت بخەویت و دوورکەوتیتەوە لە دیوەخانەکەت و دوورکەوتیتەوە لەوانەی کە هانتان ئەدەن ئەم بێشەرەفیە ئەنجام بدەن، مەجبور دەبی ئەو ڕۆژانەت بێتە بیر کە ئەو کچە نازدارانەت لە باوەش بوو و بە زەردەخەنەیەکیان لە خۆشیدا واتدەزانی هەموو دونیا هی خۆت بوو. دڵنیاشم دوادیمەن کە دێتە بەرچاوت دەموچاوی خوێناوی ئەو جەرگانەت دەبێ کە لە ئەنجامی بێشەرەفی خۆتان یان کوڕەکانتان دەیانکوژن. ئەزانم کە تەنها دەبیت، ویژدانت پێت ئەڵیت کە؛ تۆ نە ئازایت، نە مەردیت، نە کەرامەتی خێزانی خۆتت پاراست، نە شەرەفی خێزانت پاراست (چونکە لە ئەساسدا بێ شەرەفیت)، دڵنیام خۆت بەو چاوە تەماشای خۆت دەکەیت کە خوای گەورە تەماشات دەکات، وەک بکوژێک، وەک موجرمێک، وەک بێشەرەفێک.

لە كۆتایشیدا جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم دووپاتیدەكاتەوە، “ئەم شەڕەی دەستمان بۆ بردوە وەک یاری مار و پەیژە وایە، کەی وا دەزانیت بە پەیژەیەک چەند هەنگاوێک سەرکەوتیت، مارێک ئەتهێنێتەوە خوارێ. بەس بزانن ها، هەر بەو پەیژانەدا سەرئەکەوینەوە، ناهێڵین بکوژەکان بە ئازادی و بە ئیسراحەت بێن و بڕۆن، هەرگیزیش ناهێڵم خەڵک لە بیریبچێت کە چەندە بێ شەرەفن. خوا وەکیلە؛ ئەگەر بە تاقی تەنهاش بم هەر بەدواتانەوە دەبم”.

بابەتی پێشتر

ڕاپۆرتێكی نوێ.. 50 ملیۆن كەس لە جیهاندا بە كۆیلایەتی دەژین

بابەتی دواتر

مینحەیەكی پێنج ملیۆن دیناری بە خانەوادەی پزیشك و كارمەندانی قوربانیی كۆرۆنا دەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share