ڕێكخراوی كاری نێودەوڵەتی دەڵێت، نزیكەی 50 ملیۆن كەس لە جیهاندا ژیانی “كۆیلایەتیی سەردەم” بەسەردەبن، بە كاركردنی زۆرەملێ بێت یان بە هاوسەرگیریی زۆرەملێ.
ژمارەكە بەرزبوونەوە بەڕێژەی 25% نیشاندەدات بەراورد بە ڕاپۆرتی پێشووی ڕێكخراوەكە بەر لە پێنج ساڵ.
ڕێكخراوەكە و هاوبەشەكانی ئاماژەشیان بە ئاراستەی نیگەرانئامێزی وەك “قۆرغكردنی سێكسیی بازرگانی” كرد كە ڕووبەڕووی كەسێك لە كۆی چوار كەسی ژێر باری كاری زۆرەملێ بووەتەوە، زۆرینەی زەرەرمەندان هەژاران، ژنان و منداڵانن.
ڕێكخراوی كاری نێودەوڵەتی لەگەڵ ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی و دامەزراوەی وۆك فریی مافدۆست كە كار لەسەر كۆیلایەتیی سەردەم دەكات، ناچاركردنی 28 ملیۆن كەس بە كاری زۆرەملێ و، 22 ملیۆن كەسیان بە هاوسەرگیریی زۆرەملێ لە كۆتایی ساڵی 2021دا تۆماركردووە.
ڕاپۆرتەكەیان كە ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە دەڵێت، ئامارەكان زیادبوونی 10 ملیۆن كەس كە لە كۆیلایەتیی سەردەمدا دەژین لەخۆدەگرێت، بەدوای بڵاوكردنەوەی دوایین ڕاپۆرتی لەو جۆرە لە ساڵی 2017دا، لەسەر بنەمای ئاماری ساڵێك پێشتریدا.
ئاشكراشیكرد، دوو لەسەر سێی ئەوانەی بۆ ئامارەكە زیادكراون ناچار بە هاوسەرگیری كراون.
بەپێی ئامارەكانی بەردەست، ڕێكخراوی كار و هاوبەشەكانی زیادبوونی هاوسەرگیری كەسانی منداڵ و تازەلاو، هاوسەرگیریی زۆرەملێیان لە وڵاتانی وەك (ئەفغانستان، بەنگلادیش، كۆنگۆ، میسر، هندستان، ئۆگەندا و یەمەن) بەدیكردووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە كە وڵاتانی دەوڵەمەند بەدوورنییە لە كێشەكە، حاڵەتێكی هاوسەرگیریی زۆرەملێ لە كۆی چوار حاڵەتی هاوسەرگیری لەو وڵاتانەدا تۆماركراوە كە خاوەن داهاتی بەرز یان مامناوەندن.
قەیرانەكانی وەك پەتای كۆرۆنا، گۆڕانی ئاووهەوا و ململانێی چەكداری بوونەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی هەژاری و كۆچی مەترسیدار و توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆر لە ساڵانی دواییدا، ئەوانیش مەترسیی زیادبوونی جۆرەكانی كۆیلایەتیی سەردەم-یان زیادكردووە، بەپێی ڕاپۆرتەكە كە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس بڵاویكردووەتەوە.