جیابوونەوەی هاوسەرانی تەمەن خوار 15 ساڵ
لە نێوان هەرێمی كوردستان و شارەكانی تری عێراقدا

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئاماری جیابوونەوەی هاوسەرانی تەمەن خوار 15 ساڵی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد، لە ماوەی دوو ساڵدا، چوار هەزار و 92 ژنی تەمەن خوار 15 ساڵ لە هاوسەرەكانیان جیابوونەتەوە. نەتەوە یەكگرتووەكانیش دەڵێت، ساڵی ڕابردوو نزیكەی 23%ی كچانی هەرێمی كوردستان لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوە هاوسەرگیرییان كردووە، بەڵام دادگاكانی كوردستان ئامارێكی دروستی جیابوونەوەی هاوسەران لەو تەمەنەیاندا لەبەردەستدا نییە.

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە ڕێگەی ڕۆژنامەی فەرمیی خۆیەوە ڕایگەیاند، هاوسەرگیریی پێشوەختە و بەر لە تەمەنی یاسایی و گونجاو، هۆكارێكی سەرەكیی بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەرانە لە عێراق، پێچەوانەی وتەی پارێزەرێك لە دادگای سلێمانی كە بۆ ئێستا قسەیكرد و وتی، “سەركەوتووترین هاوسەرگیرییەكانی هەرێم، ئەوانەن كە ژن و پیاوەكان تەمەنیان كەمە”.

لە بەدواداچوونێكدا بۆ ئاشكراكردنی ژمارەی ئەو كچ و كوڕانەی هەرێمی كوردستان كە لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوە هاوسەرگیرییان كردووە، تۆڕی میدیایی ئێستا گەڕایەوە بۆ ئامارەكانی دادگا و ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان، بەڵام تەمەنی ئەو هاوسەرانەی جیابوونەتەوە لە ئامارەكاندا ئاشكرانەكراون، بەوەش ژمارەیەكی دروستی ئەو كچ و كوڕانەی لەو تەمەندا هاوسەرگیرییان كردووە یاخود لە یەكتر جیابوونەتەوە، نازانرێت.

هاوسەرگیریی زیاتر، جیابوونەوەی زیاتر

سەروەر جەلیل پارێزەر لە دادگای سلێمانی، بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دوا و ڕایگەیاند، “بەپێی ئامارەكان و ئەو حاڵەتانەی لە دادگاكان دەیانبینین، ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران بەرزبووەتەوە، بەڵام بە وردی نازانرێت ئەوانەی لە خوار تەمەنی یاساییەوە هاوسەرگیرییان كردووە یاخود جیابوونەتەوە چەندە”.

وتیشی، “ئەم زیادبوونەی ڕێژەی جیابوونەوە، هاوشانە لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی هاوسەرگیری، بە شێوەیەك هەر بەپێی ئەو ئامارە، بە گشتی جگە لە سنووری گەرمیان، لە پارێزگاكانی دیكە ڕێژەی هاوسەرگیریی بەرزبووەتەوە”.

كەمترین تەمەن و زۆرترین سەركەوتن؟!

پێچەوانەی ئەوەی باوە، سەروەر جەلیل ڕایگەیاند، “سەركەوتووترین هاوسەرگیرییەكان لە هەرێمی كوردستان، ئەوانەن كە ژن و پیاوەكان تەمەنیان كەمە”.

بەپێی ئامارەكان، ساڵی 2020 لە هەولێر 16803 هاوسەرگیری ئەنجامدراون، بەڵام لە ساڵی 2021دا ژمارەكە بۆ 18964 هاوسەرگیری بەرزبووەتەوە. لە سلێمانی لە ساڵی 2020دا 15862 هاوسەرگیری ئەنجامدراون، ساڵی 2021 بووە بە 20147 هاوسەرگیری. ساڵی 2020 لە دهۆك 11745 هاوسەرگیری ئەنجامدراون، لە ساڵی 2021دا ژمارەكە بۆ 13441 هاوسەرگیری زیادیكردووە. بەڵام لە ئیدارەی گەرمیان لە ساڵی 2020دا 2519 هاوسەرگیری ئەنجامدراون و بۆ ساڵی دواتر كەمبوونەتەوە بۆ 2285 هاوسەرگیری.

ئاماری ئەنجومەنی دادوەری ئاشكرایدەكات، ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لە شارەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2021دا بەراورد بە ساڵی 2020 بەرزبووەتەوە، بەڵام هێشتا ئاماری هاوسەرگیری و جیابوونەوەكانی ئەمساڵی هاوسەران بڵاونەكراوەتەوە.

بەپێی ئاماری ئەنجومەنەكە، لە ساڵی 2020دا 8144 حاڵەتی جیابوونەوە لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراون، بەڵام لە ساڵی 2021دا ژمارەكان بۆ 11699 حاڵەت زیادیانكردووە.

لە نێوان هەردوو ساڵی 2020 و 2021دا، حاڵەتەكانی جیابوونەوەی هاوسەران بە گشتی لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی بەرچاو زیادیانكردووە، لە هەولێر ژمارەكە لە 3261 حاڵەتەوە بەرزبووەتەوە بۆ 4043 حاڵەت، لە سلێمانی لە 3002 حاڵەتەوە بووە بە 4767 حاڵەت، لە دهۆك پێشتر 1303 حاڵەت بووە و بۆ ساڵی دواتر بووە بە 1769 حاڵەت، لە ئیدارەی گەرمیان جیابوونەوەكانی هاوسەران لە 578 حاڵەتەوە بۆ 1093 حاڵەت زیادیانكردووە.

تەكنەلۆجیای گەیاندن و گەیاندن بە جیابوونەوە

هۆكارەكانی جیابوونەوەی هاوسەران زۆرن، ئامارەكانی دادگا و وتەكانی سەروەر جەلیل پارێزەر لە دادگای سلێمانی دەڵێن، هۆكارەكان بریتین لە نەگونجانی هاوسەران لەگەڵ یەکتر، جیاوازیی تەمەن، هۆکاری نەزۆکی، داوێنپیسی، نەبوونی ماڵی جیا، هێنانی ژنی دووەم، تووشبوونی یەکێکیان بە نەخۆشی، هۆکاری کۆمەڵایەتی كە بریتییە لە دەستوەردانی كەسوكار لەگەڵ تەکنەلۆجیای سەردەم (مۆبایل و ئینتەرنێت) كە بە وتەی پارێزەرەكە، ئەمەیان هۆکاری سەرەکیی جیابوونەوەی هاوسەرانە.

یوئێن نیگەرانە

بەپێی ڕاپۆرتی سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتووان “UNFPA”، ساڵی ڕابردوو نزیكەی 23%ی كچانی هەرێمی كوردستان لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوە هاوسەرگیرییان كردووە. ئەوەش جگە لە ڕێكخراوەكانی ژنان، تەنانەت ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی نیگەرانكردووە.

بێئومێدبوونی كچان لە كوڕان

هانا شوان، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە ڕێكخراوی سی دی ئۆ بۆ “ئێستا” دوا و ڕایگەیاند، نوێنەرانی ڕێكخراوەكانی ژنان لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبوونەتەوە و ئەو پێیڕاگەیاندوون كە ئاماری هاوسەرگیریی كچانی خوار 18 ساڵیان لایە و نیگەرانیكردوون.

پلاسخارت داوای لە ڕێكخراوەكان كردووە بەرەنگاری ئەو دیاردەیە ببنەوە و هەڵمەتی هۆشیاری بەرپابكەن بۆ ئاگاداركردنەوە و هۆشیاركردنەوەی كچان لە مەترسییەكانی هاوسەرگیریی پێشوەخت.

هانا دەڵێت، “هاوسەرگیریی پێشوەخت ئەوەندە مەترسیدارە، بەشێك لە كچانی بێئومێدكردووە بەرامبەر بە پیاو، خۆشەویستی، هاوسەرگیری و منداڵخستنەوە”.

بابەتی پێشتر

ڕاگەیەندراوێك لە ئاسایشی سلێمانییەوە

بابەتی دواتر

ڕوونكردنەوەیەك لە تیمی پارێزەرانی بافڵ جەلال تاڵەبانی-یەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share