ChatGPT چییه و زانیارییەکانی لە کوێوە دەهێنێت؟

هەندێک کەس وا دەزانن ChatGPT گەڕانێکی نێو ئینتەرنێتە وەکو گووگڵ، نەخێر، رەنگە سەیربێت، بەڵام خودی پڕۆگرام و زانیارییەکانی چات جی پی تی نەبەستراوەتەوە بە ئینتەرنێتەوە.

کەواتە چات ChatGPT چیه و زانیاریەکانی لە کوێ دەهێنێت؟
لوقمان حەوێز، شارەزا و نووسەری كورد دەڵێت، چات جی پی تی تەنیا پلاتفۆرمێکی نوێی زیرەکی دەستکردە، کۆمپانیای OpenAI ئامادەیکردوە و بەگەڕیدەخات و بەرجەستەی کردوە بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت، كۆمپانیاكە بڕێکی ئێجگار زۆر لە زانیاری لەشێوەی تێکست کۆکردۆتەوە کە بەشێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێنەوە بۆ کۆمەڵێکی زۆر لە سەرچاوەی رەسەن و نیمچە رەسەن، لەوانە سەدەها هەزار کتێب، ویکیپیدیا، ژمارەیەکی گەلێک زۆر لە گۆڤاری زانستی و ئەدەبی و سیاسی، ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە لێکۆڵینەوە و نوسینی زانستی و ژۆڕناڵی زانکۆی جۆراوجۆری هێناوە و کردویەتی بە هەگبەیەکی زانیاری گەورە و بێشوومار. كۆمپانیاكە دەڵێت، ChatGPT پوختەی زانیارییەکان و مەعریفەکانی مرۆڤی لەهەگبەکەیدا لەخۆگرتووە و دەشڵێت، لەبەر زۆری زانیاری و هەواڵی درۆ و هەڵبەستراو لەنێو تۆڕی ئینتەرنێت، هەرگیز ناهێڵیت ChatGPT ببەسترێتەوە بە ئینتەرنێت و ناهێڵێت زانیاری بەشێوەکی کراوە لە تۆڕی ئینتەرنێت وەربگرێت.
کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای لەڕێگەی سۆفتوێرێک کە لە پتر لە سێ ملیار کۆد پێکدێت پلاتفۆرمێکی زیرەکی دەستکردی دروستکردوە کە دەتوانێت رستەی مانابەخش وەكو مرۆڤ دروستبکات، دەتوانێت بە زمانێکی زۆر پاراو قسەبکات لەگەڵ تۆ، دەتوانێت تاوتوێی هەموو ئەو تێکستە و زانیاریانە بکات کە لەهەگبەکەیدا بۆی کۆکراوەتەوە، هەر پرسیارێکی لێبکەیت دەتوانێت گەڕانێکی زۆر خێرا بەنێو هەگبەی هەموو تێکست و زانیارییەکانی بکات و لە هەموو ووشەکان بکۆڵێتەوە، بەکورتی لێکۆڵینەوەیەکی زۆر زۆر خێرا دەکات بۆت، دێت لەو ووشانەی پەیوەندیدارن کۆمەڵێک رستەی مانابەخشت بۆ دروست دەکات لە رێگەی پرسیارەکەتەوە، و بەوپێیە وەڵامێکت بۆ ئامادەدەکات پڕ بە پێستی پرسیارەکەت، هەموو ئەوانە دەکات لەڕێگەی ئەو سوفتوێرە کە لەگەڵ زانیارییەکان لەنێو کۆمەڵێک سوپەر کۆمپیوتەر گەڕان دەکەن.

ئایا زانیارییەکانی ChatGPT هەمووی دروستن؟
ئەو شارەزایە دەڵێت، زۆربەی ئەو زانیارییانەی chatbotی چات GPT دەیخاتەڕوو لە سەرچاوەی رەسەن و دروستەوە وەرگیراون، بەڵام مەرجیش نیە هەموو زانیارییەکان دروست بن، ChatGPT-3 زانیارییەکانی تاوەکو هی ساڵی 2021-ە، بەڵام ChatGPT-4 تاوەکو مانگی ئابی ساڵی 2022 زانیاری لەخۆگرتووە، کەواتە هەموو زانیارییە نوێیەکانی لەبەردەست نیە.

ئایا ChatGPT لە مانای ووشەکان تێدەگات؟ ئایا بەهەستە؟ بەئاگایە؟
نەخێر چات جی پی تی مانای هیچ وشەیەک نازانێت، بێ هەستە، بێ ئاگایە، ئەی چۆن شیعر دەنوسێت؟ چۆن ئەو هەموو رستە جوانە دادەڕێژێت؟

لوقمان حەوێر ئاماژەدەدات، جات جی پی تی لەڕێگەی ئەو ملیارەها کۆدەی بۆی دانراوە زمانی مرۆڤەکان دەزانێت، واتە دەزانێت چ ووشەیەک کەی و چۆن لەگەڵ چ ووشەیەکی دیكەدا دەبێت بەکاربهێنرێت، بۆ نمونە دەزانێت ووشەی گوڵ لەگەڵ ووشەی جوانی مانابەخش دەبێت، دەزانێت ووشەی خۆشەویستی لەگەڵ ووشەی دایک پڕماناتر و دروستتر دەبێت، دەزانێت ووشەی تەڕبوون و ووشەی باران پەیوەندیدارن، بۆ زانیاریتان ئۆپن ئەی ئای بەردەوام و رۆژانە ئەو ملیارەها کۆدەی نێو پلاتفۆرمەکە فراوانتر و باشتر دەکات، بۆیە لەوانەیە وردە وردە ChatGPT بگات بە ئاستێک لە مانای ووشەکانیش تێبگات و دوورنیە وەک پلاتفۆرمێکی زیرەکی دەستکرد ببێتە خاوەن هەست و ئاگایی، بەڵام جارێ ناتوانین کەی و چۆن پێشبینی ئەوە بکەین.

زانیاری و بابەتی كوردی چی دەزانیت؟
ئەو شارەزایە روونیدەكاتەوە، جی پی تی هەگبەکەی جارێ زۆر هەژارە بە تێکست و زانیاری و بابەتی کوردی، بەداخەوە کورد نوسراو و بڵاوکراوەی بەشێوەی ئەلیکترۆنی زۆر کەمترە لە زمانەکانی دیكە، لەسەر ئاستی ناوەندە زانستیەکانیشمان بڵاوکراوەی ئەلیکترۆنیمان زۆر کەمە بەشێوەی لێکۆڵینەوە و بابەتی تێروتەسەل بەگشتی، کتێبەکانیشمان بەشێوەی ئەلیکترۆنی زۆر کەمن، ئەوەی هەیە لەسەر کاغەزە.

پێشنیاری ئەوەش دەكات، دەزگاکانی بڵاوکردنەوەی کوردی ڤێرژنی ئەلیکترۆنیش بۆ کتێبە کوردییەکان بڵاوبکەنەوە، وەکو چۆن لە هەموو جیهان دەكرێت، جی پی تیش پێویستە زۆرتری ئەو تێکست و زانیارییە کوردیەی هەیە بیخاتە نێو هەگبەکەیەوە، لەوانەیە فەیسبووک تاکە شوێن بێت زۆرترین نوسراوی کوردی بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی تێدا بەدیدەکرێت، بەڵام چات جی پی تی پشت بەو نوسینە کوردییانەی فەیسبووک نابەستێت.

بابەتی پێشتر

لە هەولێر چەند هێمایەكی هاتوچۆ شێوێندران

بابەتی دواتر

جەمال كۆچەر: گفتوگۆ لەسەر ئەو ماددە و بڕگانە دەكرێت كە تایبەتە بە هەرێم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share