کاری خەونەکان.. گەنجێکی یابانی مووچە وەردەگرێت و ئیشەکەی ئەوەیە “ئیش نەکات”

گەنجێکی ژاپۆنی مووچە وەردەگرێت لەبەرامبەر ئەوەی کە هیچ ناکات، هەندێک کەس ئەو کارەی گەنجە ژاپۆنییەکە بە “کاری خەونەکان” ناودەبەن.

شۆجی مۆریمۆتۆی تەمەن 38 ساڵ کە لە تۆکیۆیە، بۆ هەر حجزکردنێک کە وەک هاوەڵ لەگەڵ کڕیارەکانیدا دەبێت، 10 هەزار یەنی ژاپۆنی وەردەگرێت کە دەکاتە 71 دۆلار.

مۆریمۆتۆ بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووە “لە بنەڕەتدا خۆم بە کرێ دەگرم، کاری من ئەوەیە لە هەر شوێنێک بم کە کڕیارەکانم دەیانەوێت لەوێ بم و هیچ شتێک بە تایبەتی نەکەم”.

مۆریمۆتۆ بە جەستەیەکی باریک و مامناوەندی دەردەکەوێت، ئێستا شانازی بە نزیکەی چارەکێک ملیۆن فۆڵۆوەرەوە دەکات لە تویتەر، کە وەک دەڵێت، زۆربەی کڕیارەکانی لەوێ دەدۆزێتەوە.

مۆریمۆتۆ، پێشنیارەکانی گواستنەوەی ساردکەرەوە و چوون بۆ کەمبۆدیا ڕەتکردەکاتەوە، هەروەها هیچ داواکارییە سێکسییەکان قبوڵ ناکات.

هەفتەی ڕابردوو مۆریمۆتۆ بەرامبەر ئارونا شیدا دانیشت، کە تەمەنی 27 ساڵە، شیکارکەری داتاکان بوو، کەمێک باسی چا و کێکی دەکرد.

شیدا دەیویست ئەو جلە هیندییە لەبەربکات لەبەردەم خەڵکدا کە دڵی دەیەوێت، بەڵام نیگەران بوو لەوەی کە ڕەنگە هاوڕێکانی شەرمەزاری بکەن، بۆیە لەبری هاوڕێکانی ڕووی لە مۆریمۆتۆ کرد بۆ ئەوەی ببێتە هاوەڵی لە کاتی دانیشتنیدا بەو جلانەوە.

مۆریمۆتۆ پێش ئەوەی کاری خەونەکانی بدۆزێتەوە، لە کۆمپانیایەکی بڵاوکردنەوە کاری دەکرد و زۆرجار قسەی ناشرینی بەرامبەر کراوە، چونکە “هیچی نەکردووە”. وتی: “دەستم کرد بە پرسیارکردن کە ئەگەر توانای ‘هیچ نەکەم’ وەک خزمەتگوزاریی کڕیار پێشکەش بکەم چی ڕوودەدات.”

کارکردن وەک هاوڕێی خەڵک ئێستا تاکە سەرچاوەی داهاتی مۆریمۆتۆیە بۆ بژێویی ژیانی هاوسەر و منداڵەکەی، هەرچەندە ئامادەنەبوو ئاشکرای بکات کە داهاتی چەندە، بەڵام وتی، ڕۆژانە نزیکەی یەک یان دوو کڕیار دەبینێت، لەکاتێکدا پێش پەتای کۆرۆنا ژمارەی دانیشتنەکانی لە ڕۆژێکدا سێ یان چوار جار بووە.

بابەتی پێشتر

كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی تین هاگ پێش یارییەكەی ڕیاڵ سۆسیداد

بابەتی دواتر

دادگای فیدراڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ڕەتکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share