فەرماندەیی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەک ئاشكرایكرد، هێزەكانیان لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان دەستیانگرتووە بەسەر 390 ملیۆن دینار و 180 “مسەجەل”ی ئۆتۆمبێل و 150 كیلۆگرام ماددەی “گۆریا”دا كە هەوڵدەدرا بە قاچاخ ببرێنە دەرەوەی وڵات.
لە ڕاگەیەندراوێكدا فەرماندەیی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەک ڕایگەیاند، “لە درێژەی کار و چالاکییەکانی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەک – لیوای سێ-دا، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی تايبەت، مەفرەزەیەکی فەوجی سێ توانییان دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێكی جۆری تۆیۆتا لاندكروزەردا بگرن”.
ڕاگەیەندراوەكە دەڵێت، ئەو ئۆتۆمبێلە “390 ملیۆن دیناری عێراقی و 180 مسەجەلی ئۆتۆمبێل و 150 کیلۆگرام گۆریای تیادا بووە کە دەیانویست بە ڕێگای قاچاغ بە شێوەیەکی نایاسایی بیبەن بۆ دەرەوەی وڵات”.
فەرماندەیی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەک ڕاشیگەیاندووە، دوای ئەوەی دەستیان بەسەرداگیراوە، پارە و كەرەستەكان ڕادەستی بەشی یاسایی هێزەكانی پاسەوانی سنوور كراون.