ناوەندێکی عێراقی فەرمی کەمترین ئاستی تێچووی ژیانی خێزانێکی هەژاری لە عێراق دیاریکردووە، بەپێی بەدواداچوونەکە لە هەر مانگێکدا 681 دۆلار تێچووی ئەو خێزانانەیە.
ناوەندی توێژینەوەی بازاڕ و پاراستنی بەکاربەر کە سەر بە زانکۆی بەغدادە و تاکە دامەزراوەی فەرمیی سەربە حکومەتە بۆ بەدواداچوون سەبارەت بە بازاڕ ئاشکرایکردووە، کەمترین ئاستی تێچووی بژێوی هەر خێزانێکی هەژار بۆ مانگێک 681 دۆلارە کە دەکاتە یەک ملیۆن دیناری عێراقی.
مەحمود عەبدوڵا کە بەرپرسی ناوەندەکەیە بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاندووە، “ئاستی بژێویی بۆ خێزانێکی چوار کەسی یەک ملیۆن دیناری عێراقییە، بە کرێ و بژێوی دیکەی ڕۆژانەیان”.
ئاماژەی بەوەکردووە، “کرێکان لەنێوان 250 بۆ 500 هەزار دینارن، ئەوەشی دەمێنێتەوە دەڕوات بۆ خەرجی و تێچووە سەرەکییەکانی دیکەی خێزان”.
لەمدواییانەدا عێراق ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و کەرەستە جۆراوجۆرەکان بووەتەوە، حکومەتی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری لە مانگی ئازاردا چەند ڕێکارێکی گرتەبەر، لە دیارترینیان پاڵپشتیکردنی مووچەی خانەنشینان کە مووچەیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە و ئەو فەرمانبەرانەی مووچەیان لە 500 هەزار دینار کەمترە بە پێدانی بڕی 100 هەزار دینار.