وەزارەتی پەروەردە: ئەمساڵیش سێ دەوامی لە هەندێك خوێندنگادا دەمێنێت

بۆ ساڵی نوێی خوێندن كتێبی پڕۆگرامەكانی خوێندن بۆ سەرجەم قۆناغەكان چاپكراون وەك ئەوەی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دەیڵێت، سەبارەت بە گرفتی بینای خوێندنگاش دەڵێت، ئەمساڵیش سێ دەوامی دەمێنێت، بەڵام بەڕێژەیەكی كەمتر لە ساڵانی ڕابردوو.

سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بۆ ساڵی نوێی خوێندن تەواوی كتێبی پڕۆگرامەكانی خوێندن بۆ سەرجەم قۆناغەكان چاپی نوێ كراون، بەشێكی زۆری گەیشتووەتە ناو كۆگاكانی وەزارەتی پەروەردە، بەشەكەی دیكەشی لە چەند ڕۆژی ئایندەدا دەگات و هەمووی دابەشی سەر ناوەندەكانی خوێندن دەكرێت.

وتیشی، “واتە بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2022/ 2023 سەرلەبەری كتێبەكان، چاپی نوێ دەبن”.

دەربارەی گرفتی كەمیی خوێندنگاكان كە لە ساڵانی ڕابردوودا بەڕوونی بەدیدەكرا و بەهۆیەوە لە هەندێك خوێندنگادا سێ دەوام دەكرا، سیوەیلی وتی، بۆ ئەمساڵیش سێ دەوامی ڕەنگە بە ژمارەیەكی زۆر كەم هەر بمێنێت، چونكە پێویستیی وەزارەتی پەروەردە بە بینای قوتابخانە هەر ماوە.

ئەوەشی وت، “دوو دەوامی مان هەیە و زۆرە، یەك دەوامیشمان هەر هەیە، بەڵام سێ دەوامییەكان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو كەمتر بوونەتەوە و ئومێد دەكەین دوای تەواوكردنی ئەو پڕۆژە تەواونەكراوانەی ئێستا پارەیان بۆ تەرخانكراوە بتوانین سێ دەوامیمان نەمێنێت”.

لەو ڕووەشەوە ئاماژەی بەوەدا كۆمەڵێك بینای تەواونەكراو هەیە، كە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی قەیرانی دارایی، بەمدواییە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بڕی 46 ملیار و 600 ملیۆن دینار تەرخانكراوە بۆ تەواوكردنی ئەو بینایانە، دروستكردنی خوێندنگای نوێ و نۆژەنكردنەوەی ئەوانەی هەن.

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئاشكراشیكرد، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بیناسازی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پارێزگاكان تاوتوێی پێداویستییەكانی هەر بەڕێوەبەرایەتییەكیان كردووە لە ڕووی تەواوكردن، یان دروستكردنی بینای نوێ یاخود نۆژەنكردنەوە و ئومێدوایە بەمزووانە دەستبەكاربوون بۆ ئەو پڕۆژانە لەچوارچێوەی ئەو پارەیەی تەرخانكراوە بكرێت.

باسی لەوەشكرد، لەمساڵدا چەند خوێندنگایەك تەواوكراون كە هەندێكیان لەلایەن بەخشەرەكانەوە بووە، وەك ئەو خوێندنگایەی بەمدواییە لە پارێزگای هەڵەبجە بە “دیزاینێكی زۆر جوان” دروستكرا و ڕادەستی وەزارەتی پەروەردە كرا، لەهەمان كاتدا بەردی بناغەی خوێندنگایەكی دیكە دانرا.

هەروەها لە قوشتەپەش خوێندنگایەكی نوێ كرایەوە و ئامادەیە بۆ ساڵی نوێی خوێندن، وەك ئەوەی سامان سیوەیلی ئاماژەی پێدا.

ئەوەشی خستەڕوو، پڕۆسەی بیناسازی لە كەرتی پەروەردەدا پڕۆسەیەكی بەردەوامە.

بڕیارە لە 13ی ئەم مانگە دەرگای ناوەندەكان بۆ ساڵی نوێی خوێندن بكرێنەوە.

بابەتی پێشتر

ڕەوتی سەدر داوای گۆڕینی فالح فەیاز دەكات

بابەتی دواتر

تویتەر تایبەتمەندیی دەستكاریكردنی تویت زیاددەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کێشەی هەناردەکردنی بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق چارەسەر دەکرێت

وەزیری کشتوکاڵی هەرێم رایگەیاند، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنی بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێم لیژنەیەکی هاوبەشیان دروستکردووە و یەکشەممەی داهاتوو…
زیاتر ببینە

كەسێك بە تۆمەتی فێڵكردن دەستگیركرا

لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەك و بەتۆمەتی فێڵكردن هێزەكانی پۆلیس لە سلێمانی تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای…
Total
0
Share