ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان دەڵێت، پڕۆژەی تاكسی میتەر جێبەجێدەكەن و بە جی پی ئێس ئاراستەی جموجۆڵی تاكسی دیاریدەكرێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەیەوێت كرێی تاكسی بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی و بەپێی ئەو دوورییەی دەیبڕێت بۆ سەرنشین دیاریبكات، “تاكسی میتەر” ئەو پڕۆژەیەیە و ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان، ڕوونكردنەوەی لە بارەوە خستەڕوو.
ئانۆ جەوهەر ڕایگەیاند، سیستمەكە لە وڵاتانی پێشكەوتوو پەیڕەودەكرێت و لە ڕێگەی ئامێرەوە كرێی تاكسی دیاریدەكرێت “بۆ ئەوەی دەمەقاڵێ لە نێوان شۆفێر و هاوڵاتیدا دروستنەبێت”.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، بە ئامێری جی پی ئێس ئاراستەی جموجۆڵ و هاتوچۆی تاكسی دیاریدەكرێت بۆ ئەوەی ئاسایشی هاوڵاتی پارێزراوبێت.
لە بارەی پڕۆژەی تۆماركردنی تاكسییەكانی هەرێمی كوردستان و لێدانی لۆگۆ، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، “75%ی پڕۆژەی لۆگۆ و كارتی زانیاریی تاكسی تەواوبووە، دوای كۆتاییهێنان بە پرۆسەكە، پڕۆژەی تاكسی میتەر جێبەجێدەكەین و لە ڕێگەی سیستمێكی ناوەندییەوە پەیوەستی بازاڕ دەكرێت و بەپێی گۆڕانكاری لە نرخی بەنزیندا، گۆڕانكاری لە كرێی گواستنەوەی تاكسیدا دەكرێت”.