300 مامۆستای پەروەردەی تایبەت و چاودێر، لە 340 خوێندنگەی سنووری پارێزگای سلێمانیدا، ئەركیان پەروەردە و فێركردنی زیاتر لە 2800 خوێندكاری خاوەن پێداویستیی تایبەتە، چوار ناوەندی پەروەردەی پێشوەختیش تەرخانكراون بۆ ئەو منداڵانەی لە تەمەنی پێش چوونە خوێندنگەدان و بە پرۆگرامی پۆرتاج ڕاهێنانیان پێدەكرێت.
لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئێستا، م. میدیا عومەر حسێن، سەرپەرشتیاری پەروەردەی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتیی سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی لە پارێزگای سلێمانی، داتا و زانیارییەكانی خستەڕوو و ئاشكرایكرد، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، زیاتر لە 2800 خوێندكاری خاوەن پێداویستیی تایبەت هەن دابەشبوون بەسەر 13 بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەدا، لەو ژمارەیە 560 منداڵیان لە پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانین، 832 منداڵیش لە سنووری پەروەردەی ڕۆژئاوا.
ڕایگەیاند، ئەو خوێندكارانە لە لایەن نزیكەی 300 مامۆستا و چاودێرەوە، لە 340 خوێندنگەدا سەرپەرشتی و پەروەردە دەكرێن، لەو ژمارەیە 221 خوێندنگەیان لە سنووری پەروەردەی ڕۆژئاوان و 119 خوێندنگە لە سنووری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتدان.
لەبارەی چۆنێتیی پەروەردە و فێركردنی خوێندكارانی خاوەن پێداویستیی تایبەتەوە، م. میدیا وتی، “خوێندكارەكان مامۆستای پەروەردەی تایبەت لە تەنیشتیانەوەن و ڕێنماییان پێدەدەن”.
وەك سەرپەرشتیاری پەروەردەی تایبەت ئاشكرایكرد، منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت كە لە خوێندنگەكاندان، بەم جۆرە بەسەر شار و شارۆچكەكاندا دابەشبوون:-
*سلێمانی 1400 خوێندكار
*ڕانیە 336 خوێندكار
*پشدەر 202 خوێندكار
*شارەزوور 148 خوێندكار
*سەیدسادق 88 خوێندكار
*شارباژێڕ 43 خوێندكار
*قەرەداغ 18 خوێندكار
*چەمچەماڵ 245 خوێندكار
*پێنجوێن 47 خوێندكار
*دوكان 95 خوێندكار
*دەربەندیخان 137 خوێندكار
جگە لەو منداڵانەی خاوەن پێداویستیی تایبەت كە لە خوێندنگەكاندان، منداڵانی تەمەن چوار تا شەش ساڵ لە ڕێگەی پرۆگرامی پۆرتاجەوە كە تایبەتە بە دۆزینەوەی بەهرەكانی منداڵان، ڕاهێنان، فێركردن و شیاندنیان بۆ دەكرێت و ئامادە دەكرێن بۆ خوێندنگە و مامۆستایان و توێژەران ڕاهێنانیان پێدەكەن. م. میدیا عومەر حسێن لەو بارەیەوە دەڵێت، “چوار ناوەندی پەروەردەی پێشوەخت هەن كە دووانیان لە سلێمانین بە ناوەكانی پەروەردەی پێشوەختی نێرگز و پەروەردەی پێشوەختی ئامێز، لەگەڵ دوو ناوەندی پەروەردەی پێشوەخت لە قەڵادزێ و ڕانیە و منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت پەروەردە دەكەن”.