تەندروستیی سلێمانی: بەهۆی نەبوونی پێداویستییەکانەوە نەخۆشەکانمان خۆیان مەواد دەکڕن

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی باس لە بەردەوامی و زیاتربوونی قەیرانی کەلوپەل و پێداویستییە پزیشکییەکان دەکات لە شارەکە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە هیوایان بە کۆتاییهاتنی ئەو قەیرانە نییە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دکتۆر هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، “ئەو قەیرانی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییانەی ماوەیەکی زۆرە لە سلێمانی هەیە نەک چارەسەر نەکراوە بەڵکو بەردەوام زیاتر دەبێت، ئێمە هیچ هیوایەکیشمان نییە چارەسەربکرێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێستا لە تاقیگە ناوەندییەکان و نەخۆشخانەکان پشکنینەکان بۆ 25% کەمبوونەتەوە، نەک ئەوە لە سەرجەم بەش و نەخۆشخانەکان کێشەمان هەیە”.

دکتۆر هێرش سەید سەلیم وتیشی، ئێستا لە نەخۆشخانەکانی شکاوی و بەشەکانی دیکە نەخۆشەکان خۆیان مەواد و کەرەستەکان دەکڕن چونکە ئەو کەلوپەلانەمان نەماوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، تەندروستیی سلێمانی ئێستا هەموو تواناکانی خۆی بۆ نەخۆشخانەکانی دڵ و هیوا خستووەتەگەڕ و تا ئاستێک باشن بەڵام بەش و نەخۆسخانەکانی دیکە لە قەیرانی گەورەدان.

لەلایەکی دیکەوە باسی لە کێشەی کۆمپانیاکانی پاککەرەوە و کۆمپانیاکانی خواردنی نەخۆشخانەکان کرد، کە ماوەی زیاتر لە شەش مانگە هیچ پارەیەکیان وەرنەگرتووە و مەترسیی زۆر هەیە کە ئەوانیش کارەکانیان ڕابگرن.

سەبارەت بە چارەسەری ئەو قەیرانەی ماوەیەکی زۆرە لە کەرتی تەندروستیدا هەیە جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی وتی، “لە وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران بپرسن کە بۆچی چارەسەری ناکەن، ڕوونە کە گەمارۆ خراوەتە سەر سلێمانی و هیواشمان نییە بەوەی چارەسەری بکەن”.

قەیرانی پێداویستییە تەندروستییەکان لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە لە سلێمانی سەریهەڵداوە، لەگەڵ ئەوەی چەندین جار لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بەڵێنی چارەسەرکردنی گرفتەکان دراوە بەڵام تا ئێستا ئەو گرفتە بەردەوامە و لەزیادبووندایە، کێشەی سەرەکیی تەندروستیی سلێمانی خەرجنەکردنی پارەی کۆمپانیاکانی هێنانی دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکانە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، کە وای کردووە کۆمپانیاکان هاێنانی دەرمان و پێداویستییەکان ڕابگرن.

بابەتی پێشتر

سەرمووچە بە هێزەكانی پێشمەرگە دەدرێت

بابەتی دواتر

ئاژانسی وزەی ئەتۆم: دەبێت هاوڵاتییانی ئەوروپا گەرمیی گەرەمکەرەوەکان و بۆیلەرەکانیان کەمبکەنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەندروستیی سلێمانی: سبەینێ دەوام لە سەرجەم ناوەندە تەندروستییەکان دەستپێدەکاتەوە

سبەینێ لەسەرجەم ناوەندە تەندروستیەکانی سنووری سلێمانی دەوام دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “دوای تەواوبوونی پشووەکانی…
Total
0
Share