قوباد تاڵەبانی: هەرێمی کوردستان ژێرخانێكی ئابوریی بەهێزی نییە

قوباد تاڵەبانی و کوی ووی

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکان داواکاریی سەرەکیی خەڵکە و دەشڵێت، هەرێمی کوردستان ژێرخانێكی بەهێزی نییە، بۆیە گەشەپێدانی ئابوری بە خاوی دەچێتە پێشەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ کوی ووی باڵیۆزی نوێی چین لە عێراق كۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە کونسوڵی چین لە هەولێر ئامادەیبوو، کوی ووی خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕایگەیاند، پێشوازی دەکەن لەوەی لە هەردوو بواری ئابوری و کلتورییەوە پەرە بە هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان چین و هەرێمی کوردستان بدرێت، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

قوباد تاڵەبانی باسی دۆخی هەرێمی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند، لەئێستادا داواکاریی یەکەمی خەڵکی کوردستانیش باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکانە و کەمتر گرنگی بە کێشە سیاسییەکان و ململانێی سیاسیی نێوان لایەنەکان دەدەن.

ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ ئەوەی حکومەتی هەرێم لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەڕووی چاکسازییەوە هەنگاوی گرنگی ناوەوە و قۆناغی باشیشی بڕیوە بەرەو حکومەتی ئەلیکترۆنی، بەڵام ئەم هەنگاوانە لە ئاستی چاوەڕوانیی خەڵکدا نەبووە و خەڵک خزمەتگوزاریی باشتر و ڕێگاوبانی باشتر و هەلیکاری زیاتری دەوێت.

جێگری سەرۆک وەزیران ڕاشیگەیاند، هەرێمی کوردستان ژێرخانی ئابورییەکی بەهێزی نییە، هەربۆیەشە گەشەپێدانی ئابوری بە خاوی دەچێتە پێشەوە. داوایکرد کۆماری چین لەمڕووەوە هاوکار و یارمەتیدەری هەرێمی کوردستان بێت، بە تایبەتیش هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانی بدات لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵدا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن. ئامادەیی حکومەتی هەرێمیشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و ئاسانکارییەک بۆ ئەو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانەی چین کە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە پێویستی دروستکردنی پەیوەندیی و هەماهەنگی لەنێوان زانکۆکانی چین و هەرێمی کوردستانی کرد و داوایکرد لە زانکۆکانی چین دەرفەتی زیاتر بۆ خوێندکارانی هەرێمی کوردستان دابینبکرێت.

بابەتی پێشتر

بەڤیدیۆ.. جموجوڵ و بڵاوەپێكردنی چەكدارانی ڕەوتی سەدر لە بەغداد

بابەتی دواتر

ئاسایشی سلێمانی ئاشكراكردن و دەستگیركردنی گروپێكی داعش ڕادەگەیەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share