ئاسایشی سلێمانی ئاشكراكردن و دەستگیركردنی گروپێكی داعش ڕادەگەیەنێت

ئاسایشی سلێمانی ئاشكراكردن و دەستگیرکردنی گروپێکی داعشی لە قەزای بازیان ڕاگەیاند.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە قەزای بازیان لە ھەندێك شوێنی گشتی دروشمی داعش نووسرا، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكەیانەوە ژووری ئۆپراسیۆن پێکھێنرا بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە “لەماوەی کەمتر لە 48 كاتژمێردا، زانیاری و بەڵگەی دروست لەسەر ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بەدەستکەوت و شوێن و ناسنامەی تیرۆریستان ئاشکراکران و خرانە ژێر چاودێری وردەوە، پاش ڕەزامەندیی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە لە چوار ئۆپراسیۆن و ھەڵمەتی جیاجیادا ھەر چوار تیرۆریستی تاقمەکە (ر. ج.)، (ر.ج.ح.)، (ئ.س.) و (م.ج.) لە ڕۆژی 27ی ئابی 2022 کە بەرەگەز کوردن لە بازیان دەستگیرکران”.

“پاش لێکۆڵینەوە، بەپێی دانپێدانانیان تیرۆریستان مەرامیان بووە چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە سنوورەكە ئەنجامبدەن لە دژی دامەزراوەکانی حکومەت و ئارامی لە خەڵک تێکبدەن”، وەك ئەوەی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ئاماژەی پێداوە.

ڕوونیشیكردەوە، لەبارەی ئەو دۆسێیەوە لێکۆڵینەوە بەردەوامە و لەبەر ھەستیاریی کەیسەکە ھەندێ زانیاری بە نھێنی ھێڵدراونەتەوە.

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی: هەرێمی کوردستان ژێرخانێكی ئابوریی بەهێزی نییە

بابەتی دواتر

ئەمریكا: كاتی گفتوگۆیە نەك ڕووبەڕووبوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share