كرێكارێكی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەكاتی كاركردنیدا لەسەر خانوویەك دەكەوێتە خوارەوە و بەهۆی سەختی برینەكەی گیانلەدەستدەدات.
موقەدەم بەرزان عوسمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارۆچكەی تەوێڵە كرێكارێك بەناوی (بەرزان یوسف) تەمەن 39 ساڵ لەكاتی كاركردندا لەسەر خانوویەك كەوتە خوارەوە و بە سەختی برینداربوو.
وتیشی، “پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانیلەدەستدا”.
كرێكارەكە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و دانیشتووی شارۆچكەی تەوێڵەیە.
وتەبێژی پۆلیس ئەوەشی وت، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە ڕێکخراوە و تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی داد کرا.