دوای 18 ساڵ نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی خورماتوو تەواودەكرێت

پڕۆژەی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لە خورماتوو ماوەی 18 ساڵە بەهۆی كەمتەرخەمی و پشتگوێخستنەوە تەواونەكراوە، پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی (ی. ن. ك) لە ڕێگەی حكومەتی ناوەندییەوە هەوڵی چارەسەركردنی گرفتەكە و كێشەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەدات.

مەلا كەریم شكور ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران، چڕكردنەوەی هەوڵەكانیانی لە پێناو بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە ڕاگیراوەكانی قەزای خورماتوو و چارەسەركردنی گرفتی فەرمانبەرانی كەرتی تەندروستیی قەزاكە بۆ ئێستا خستەڕوو و ئاشكرایكرد، “بەمنزیكانە نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی خورماتوو تەواودەكرێت”.

نوێنەرەكەی خورماتوو لە ئەنجومەنی نوێنەران وتی، سەردانی وەزارەتی تەندروستیی عێراقی كردووە و لەگەڵ دكتۆر هانی موسا عیقابی وەزیری تەندروستیدا كۆبووەتەوە، داوای چارەسەركردنی گرفتی مووچە و پلە بەرزكردنەوەی پزیشكان و فەرمانبەرانی كەرتی تەندروستیی سنووری قەزای خورماتووی لێكردووە، لەگەڵ تەواوكردنی پڕۆژەی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی خورماتوو.

مەلا كەریم شكور ئاشكرایكرد، وەزیر بەڵێنی جێبەجێكردنی هەردوو داواكارییەكەی داوە و گرفتی پزیشكان و فەرمانبەران چارەسەردەكرێت و پلەی وەزیفییان بەرزدەكرێتەوە.

ئەندامەكەی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران جەختیكردەوە، لە داهاتوویەكی نزیكدا دەستدەكرێتەوە بە كاركردن لە پڕۆژەی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی خورماتوو و بنیادنان و دروستكردنی نەخۆشخانەكە تەواودەكرێت.

بابەتی پێشتر

یونایتد سوپرایزێکی دیکەی هەیە و هاندەران پێی دڵخۆش نین

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) چێڵسی لە "ئایلاند ڕۆد" سێ خاڵی لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share