موقتەدا سەدر ڕایگەیاند، هەوڵی گفتوگۆی لەگەڵ چێوەی هەماهەنگی داوە بەڵام بەپێی پێویست بەدەم داواكارییەكەیەوە نەهاتوون و دەڵێت، “گفتوگۆ لەگەڵ ئەو كەسانەدا ناكەم كە ویستیان بمكوژن”.
موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر، كەمێك لەمەوبەر پەیامێكی لە تویتەر بڵاوكردەوە و دەڵێت، دەستپێشخەریی خستووەتە بەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئەوەی “دانیشتنێكی گفتوگۆكردن” بەڵكو “دیبەیتێك”ی ئاشكرا و بە پەخشی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا بكەن.
بەپێی وتەی سەدر، وەڵامی لایەنی بەرامبەر كە مەبەستی چێوەی هەماهەنگییە وەك پێویست نەبووە و “هیچی لەبارەی چاكسازی و داواكاریی شۆڕشگێڕان و كۆژانەكانی گەلەوە تیادا نەبوو، هیچ گرنگییەكیان نەدا بەوەی كە ڕوودەدات، بۆیە بەهیواین هەمووان چاوەڕوانی هەنگاوی دواترمان بن لەبارەی سیاسەتی پشتگوێخستنی ئەوەی عێراقی بەهۆی گەندەڵی و پاشكۆیەتییەوە گەیاند بەم دۆخە”.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر دەڵێت، “چیتر چاوەڕوانی دانیشتنی نهێنیی نوێ نەبن لەگەڵ مندا، من هیچ لە گەلەكەم ناشارمەوە و لەگەڵ گەندەڵكاران و ئەوانەی ویستیان بمكوژن كۆنابمەوە”.
لە ماوەی ڕابردوودا چێوەی هەماهەنگی، ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ نواندنی نەرمی و چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی، بۆ ئەو مەبەستە هادی عامریی ڕاسپارد گفتوگۆ لەگەڵ سەدر-دا بكات. بەڵام بەپێی وتەی چەند سەركردەیەكی چێوەی هەماهەنگی كە پێشتر لێدوانیان بۆ “ئێستا” داوە، سەدر بەدەم دەستپێشخەرییەكەیانەوە نەچووە.