ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی: بەهەماهەنگیی حكومەتی هەرێم ڕێگری لە پێشێلكارییەكانی توركیا بكرێت

سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەكات بۆ تاوتووێكردنی پەلامارەكەی توركیا و بڕیاردرا هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم بكرێت بۆ ڕێگریكردن لە پێشێلكارییەكان.

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئەمشەو سێشەممە سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی كرد بۆ تاوتوێكردنی ئەو هێرشەی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن سوپای توركیاوە كرایەسەر ناوچەیەكی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بەهۆیەوە هەشت كەس گیانیان لەدەستدا و 26ی دیكە برینداربوون.

لە كۆبوونەوەكەدا هێرشەكەی توركیا و بە ئامانجگرتنی هاوڵاتییانی بێتاوان لە یەكێك لە ناوچە گەشتیارییەكانی دهۆك ئیدانەكرا.

هەروەك لە كۆبوونەوەكەدا چەند بڕیارێك دران لەوانە، داوا لە وەزارەتی دەرەوە كرا دۆسیەیەكی تەواو لەبارەی چەندبارەبوونەوەی هێرشەكانی توركیا بۆسەر سەروەری و ئاسایشی عێراق ئامادەبكات، لەگەڵ پێشكەشكردنی سكاڵایەكی بەپەلە بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان. هەروەها وەزارەتی دەرەوە بانگێشتی باڵیۆزی توركیا بكات و ئیدانەكردنەكەی پێڕابگەیەنێت.

بڕیاریشدرا ئەنجامدەری كارەكانی عێراق لە ئەنقەرە بانگبكرێتەوە بۆ وتووێژ، لەگەڵ ڕاوەستاندنی ڕێوشوێنەكانی ناردنی باڵیۆزی نوێ بۆ توركیا.

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی فەرمانی بە فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەكان كرد ڕاپۆرتێك دەربارەی دۆخی سەر سنووری عێراق/ توركیا ئامادەبكات، لەگەڵ گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ بەرگریكردن لە خۆ.

لە بڕیارێكی دیكەدا هاتووە، هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم بكرێت بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یەكلاكەرەوە بۆ ڕێگری لە پێشێلكاریەییەكان، هەروەها داواكردن لە توركیا بۆ پێشكەشكردنی داوای لێبوردنی فەرمی و، كشانەوەی سەرجەم هێزە سەربازییەكانی لە سەرتاسەری خاكی عێراق.

ئەنجومەنەكە جارێكی دیكە ڕەتیكردەوە خاكی عێراق ببێتە دەرچەی هێرش بۆسەر هەر دەوڵەتێك، هەروەها ببێتە گۆڕەپانی پاكتاوكردن، بە توندیش بوونی هەر گروپێكی تیرۆرستی یان گروپی چەكداری لەسەر خاكی وڵاتەكەی ڕەتكردەوە.

كۆبوونەوە و بڕیارەكانی هاوكاتە لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەكان لە بەغداد و ئەو خۆپیشاندانانەی دژ بە هێرشەكە و بوونی توركیا لە عێراق، لە بەغداد و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەستیانپێكردووە.

لە بەغداد خۆپیشاندەران لە بەردەم نوێنەرایەتیی توركیا تایبەت بە پێدانی ڤیزا كۆبوونەوەتەوە، دروشم دژ بە توركیا دەڵێنەوە و دەیانەوێت ئاڵای وڵاتەكە لەسەر باڵەخانەكەیان دابگرن.

پێشتر مستەفا كازمی لە كاردانەوەی هێرشەكەدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، جارێكی دیكە هێزەكانی توركیا پێشێلكارییەكی زەقیان دژ بە سەروەریی عێراق ئەنجامدا.

وتیشی، “عێراق هەموو ڕێكارێك دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی گەلەكەی و مافی هەموو پەرچەكردارێكی هەیە”.

داواشیكرد دۆسیەیەك تایبەت بە تەواوی پێشێلكارییەكانی توركیا ئامادەبكرێت بۆ ئەوەی ڕادەستی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بكرێت.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانتاران داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەكەن هەڵوێست دژی توركیا وەربگرێت

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ ڕووبەڕووی هێرشەكانی توركیا ببنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share