ئەشرەف غەنی باس لە كەوتنی ئەفغانستان دەكات

محەمەد ئەشرەف غەنی سەرۆکى پێشووى ئەفغانستان

لە ساڵیادى کۆنتڕۆڵکردنى ئەفغانستاندا لەلایەن بزوتنەوەى تاڵیبانەوە، محەمەد ئەشرەف غەنی سەرۆکى پێشووى ئەو وڵاتە زانیاریى نوێ ئاشکرادەکات.

ساڵێک تێپەڕبووە، بەڵام چارەنووسی غەنى و ئەو بڕە پارەیەی دیارنەما وەک خۆى ماوەتەوە.

لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ كەناڵی (سی ئێن ئێن) ئەشرەف غەنى چەندین نهێنى ئاشکرادەکات و دەڵێت، سەرەتا نەیویستووە ئەفغانستان جێبهێڵێت و بڕیارى بەرگریکردنى داوە، چونکە نەیویستوە بە خۆڕادەستکردن ڕووبەڕووى سوکایەتى ببێتەوە.

بەڵام لە بەرەبەیانى ڕۆژى 15ى ئاب لەوکاتەى چەکدارانى تاڵیبان گەیشتوون بە دەروازەى کابولى پایتەخت، سەرجەم پاسەوان و هێزەکانى پاراستنى کۆمارى، کۆشکى سەرۆکایەتیان جێهێشت و ئەو دواین کەس بووە لە کۆشک دەرچووە.

لەگەڵ ئەوەشدا وەزیرى بەرگرى لەوکاتە سەردانیکردووە و پێیڕاگەیاندوە کە چیتر ناتوانن بەرگرى لە پایتەخت بکەن.

لە دواى جێهێشتنى ئەفغانستان ئەشرەف غەنى ڕایگەیاندبوو کە بیرەوەریەکانى دەکات بە کتێبێك بۆ ڕوونكردنەوەی ئەو دۆخەی لەو ڕۆژانەدا ڕوویدا، بەڵام لەو چاوپێکەوتنەدا بەشێک لە زانیارییەکانى بڵاوکردەوە و دەڵێت، “ژیانم لە مەترسیدابوو، چونکە کەسانێک بڕى 100 هەزار دۆلاریان دابوو بە چێشتلێنەرى سەرۆکایەتى تاوەکو ژەهرخواردم بکات”.

سەبارەت بە جێهێشتنى وڵاتەكەشی دەڵێت، “هۆکارى جێهێشتنى وڵات بۆ ئەوەبووە کە رێگرى بکەم لە تاڵیبان تاوەکو سوکایەتى بە سەرۆکى ئەفغانستان بکەن و ناچارم بکەن واژوو لەسەر بڕیارێک بکەم کە ئەوان بە شەرعیەتى دەزانن”.

بەگوێرەى هەواڵێکى ئاژانسى ئیرۆنیوز باس لەوەدەکات زۆرێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان ئەو هەنگاوە بە ئاسایی نابینن، کاتێک هێزەکانى ئەمریکا لە کابول بن و سەرۆکى ئەو وڵاتە بێ پشتیوانى “هەڵبێت” بەرامبەر بە هێرشەکانى چەکدارانى بزوتنەوەى تاڵیبان.

لەکاتى کۆنتڕۆڵکردنى ئەفغانستان بە دەیان ملیۆن دۆلار دیارنەمان و پەنجەى تۆمەت بۆ سەرۆکى وڵات درێژدەکرا، بەڵام ئەشرەف غەنى، لە چاوپێکەوتنەکەدا ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.

هەفتەى ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکى دەستەى کۆنگرێسی ئەمریکا باس لەوەکراوە، هەڵگرتنى بارێکى 169 ملیۆن دۆلارى لە تواناى هەلیکۆپتەرەکان نەبووە، بەڵام ئەوەش هاتووە کە بەشێک لە ڕاوێژکار و بەرپرسە باڵاکانى حکومەت دەستیان هەبووە لە بردنى بەشێک لەو بڕە پارەیە.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە هیچ زانیارییەکى ورد نیە سەبارەت بەو کەسانەى پارەکەیان بردوە و بۆ کوێ بردوویانە.

لەگەڵ ئەو دۆخەدا، ئێستا وڵاتانى جیهان کەمتر دەستى هاوکارى بۆ حکومەتى تاڵیبان درێژدەكەن، بەراورد بە حکومەتەکەى ئەشرەف غەنى، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە تاڵیبان لە ئاستى نێودەوڵەتى دابڕاوە بەهۆى ئەو بڕیارانەى دەیدات بەرامبەر بە سیستەمى خوێندن، مافى مرۆڤ و مافى ئافرەتان.

بەڵام تاڵیبان شانى داوەتە بەر ئەم قورساییە و دەیەوێت بەردەوام بێت لە برەودان بەو حکومەتە و کێشەکانی چارەسەر بکات، ئەنجامەكەشی ئەوەیە كە ملیۆنان ئەفغانى ڕووبەڕووى هەژارى و برسیێتى بوونەتەوە.

بابەتی پێشتر

نرخی گۆشت هەرزانبوو

بابەتی دواتر

پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی ڕاگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share