گەشتوگوزار: هاتنی گەشتیاران بۆ سلێمانی زیادیكردووە

لەمساڵدا هاتنی گەشتیاران بۆ سلێمانی ڕووی لە زیادبوون كردووە، وەك ئەوەی بەرپرسێكی گەشتوگوزار دەیڵێت و هۆكارەكەشی بۆ كێبڕكێی دابەزاندنی نرخ لە شوێنە گەشتیارییەكاندا دەگەڕێنێتەوە.

هاتنی وەرزی هاوین و گەرما هۆكارە بۆ ئەوەی گەشتیارانی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بە ژمارەی بەرچاو ڕوو لە هاوینەهەوار و سەیرانگاكانی هەرێمی كوردستان بكەن.

لەمساڵدا ژمارەی گەشتیاران بۆ سلێمانی زیادیكردووە و بەرپرسێكی بوارەكە هۆكارەكەی ئاشكرادەكات.

داسیار محەمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندن لە نوسینگەی بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هاتنی گەشتیاران ئەمساڵ بۆ سلێمانی زیادیكردووە، قەرەباڵەغییەكی زۆر لە سەیرانگاكان هەیە، بەتایبەت لە بۆنەكاندا سلێمانی یەكێك بووە لە شارە قەرەباڵغەكان.

وتیشی، “بوونی كێبڕكێ بۆ دابەزاندنی نرخی خزمەتگوزارییەكان و نرخی مانەوە لەنێو شوێنە گەشتیارییەكاندا یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو زیادبوونەیە”.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی 1500 شوێن مۆڵەتی گەشتیارییان وەرگرتووە، داسیار محەمەد وتی، “لەدوای جەژن-ەوە ئەو كێبڕكێیە لەنێو شوێنە گەشتیارییەكان بەردەوام بووە، ئەوان دەیانەوێت قەرەبوو زیانەكانی سەردەمی كۆرۆنا بكەنەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتی هەرێم چەند ساڵێكی كەمە گرنگی بەم بوارە داوە، ئەویش بە گۆڕانكاریكردن لە هەندێك یاسا و هەماهەنگی لەنێو هەندێك وەزارەتدا بەمەبەستی كارئاسانی بۆ هاتنی گەشتیاران.

بەرپرسەكەی گەشتوگوزار ئەوەشی خستەڕوو، سلێمانی لە چاوەڕوانیی دروستكردنی پڕۆژەی گەشتیاریی دوكان-دایە كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەكێكە لە شارە گەشتیارییە زۆر گەورەكان.

ڕوونیشیكردەوە، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی گەشتوگوزار و خاوەنی پڕۆژەكەش لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی كێشەی زەویوزاری پڕۆژەكە چارەسەربكرێت و بە زوویی دەست بە جێبەجێكردنی بكرێت.

ئەوەشی وت، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە سلێمانی ژمارەی زۆر گەورە لە هاتنی گەشتیار تۆماردەكات.

پڕۆژە‌ی گەشتیاریی ‏دوكان بە هاوپشكی لەنێوان ‏حكومەت ‌و كەرتی تایبەت لە قەزای دوکان بە تێچووی یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلار دەكرێت.

بەدەستپێکردنی پڕۆژەكە هەزاران هەلی کار دەڕەخسێنێت و بەتەواوکردنیشی دەبێتە گەورەترین پڕۆژەی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق.

بابەتی پێشتر

دەزگای لوتكە: هیچ كۆچبەرێكی كورد و عێراقی لەنێو بەلەمە نقومبووەكەی یۆناندا نییە

بابەتی دواتر

كۆبوونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و نوری مالكی دەستیپێكرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

خۆپیشاندان لە كەركوك دەستیپێكرد

كاسبكارانی عەلوە و بازاڕی خان خورما لە كەركوك خۆپیشاندانیان دەستپێكرد، داواكارن رێگەیانبدرێت لە شوێنكارەكانی خۆیان بمێننەوە. ئەو كاسبكارانە…
Total
0
Share