ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ساز دەکات و تاوتوێی “داواکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبەرامبەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان” و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە دەكات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێم بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامدەدات و لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە تاوتوێدەکرێن:
1. خسـتنەڕووی دەرئەنجـامی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەغدا لە ڕۆژی 23ی تەمموزی 2022 و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.
2.خستنەڕووی پوختەی سەردانی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان بۆ وڵاتی ئەرمینیا.
3.خستنەڕووی پوختەی سەردانی شاندی سەربازی هەرێم بۆ بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
4.خستنەڕووی پوختەیەک سەبارەت بە داوا ناڕەواکانی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لەبەرامبەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە.
5.خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار سەبارەت بە دۆخی خزمەتگوزاری دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان.
6.خستنەڕووی چەند پێشنیارێکی تایبەت بە جێبەجێ كردنی بابەتی خانەنشینی پلە تایبەت و پلە باڵاکان لە یاسای چاکسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020.