ئەو پڕۆژەیەی دانیشتووانی چەمچەماڵ و سێ ناحیە چاوەڕوانین جێبەجێدەكرێت

دوای چاوەڕوانییەكی زۆر و كەمیی ئاوی سازگار، ئەو پڕۆژەیەی گرفتی كەمئاوی لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەكانی شۆڕش، تەكیە، ئاغجەلەر و 17 گوندی سنوورەكە چارەسەردەكات، پارەی بۆ تەرخانكراوە و جێبەجێدەكرێت.

لە بەدواداچوونێكی تۆڕی میدیایی ئێستا-دا بۆ ئاشكراكردنی چارەنووسی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ، ڕەمك ڕەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، دوای هەوڵەكانیان لە ڕێگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان، وەزارەتی دارایی و ئابوری كۆتا ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی پلاندانان ڕەزامەندن پڕۆژەكە لەسەر بودجەی وەبەرهێنان جێبەجێبكرێت و زیاتر لە 70 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكراوە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە كەی دەستدەكرێت بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە؟ قائیمقامی چەمچەماڵ جەختیكردەوە كە “بەمنزیكانە” جێبەجێدەكرێت و تەنها ڕێكاری هونەریی ماوە و وتی، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ بە سیستمی “Design build operate” جێبەجێدەكرێت كە سیستمێكی باوی جیهانییە و یەكێك لە گرنگییەكانی ئەوەیە كە جگە لە جێبەجێكردن و دروستكردن، سەرپەرشتیكردنیشی دەكەوێتە ئەستۆی كۆمپانیای جێبەجێكارەوە.

ڕەمك ڕەمەزان دووپاتیكردەوە كە تا پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ جێبەجێنەكرێت، گرفتی کەمئاوی لە سنووری قەزای چەمچەماڵ بنەبڕ ناكرێت و وتی، “هاوینی ئەمساڵ بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ڕۆژانە دوو ملیۆن لیتر ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو گەڕەكانە دابینكراوە كە تۆڕی ئاویان وەك پێویست نییە، بە جۆرێك ڕۆژانە ملیۆنێک لیتر ئاو بۆ چەمچەماڵ، 750 هەزار لیتر بۆ ناحیەی شۆڕش و 250 هەزار لیتر بۆ ناحیەی تەکیە تەرخانكراوە و دوو بیری دیكەش بۆ چارەسەركردنی هەمان گرفت هەڵكەندراون، بەڵام چارەسەری تەواوەتیی بەندە بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكەوە و لە زووترین كاتدا جێبەجێكردنی دەستپێدەكرێت”.

ساڵی ڕابردوو ئازاد محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاندبوو، پێشتر حەوت ملیار و 618  ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ تەرخانكرابوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە، ئەو پارەیە بۆ مووچەی مووچەخۆران ڕاكێشرا. بەپێی وتەی ڕەمك ڕەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ، بودجەكەی ئەمجارە زیاترە و 70 ملیۆن و 45 هەزار دۆلارە و لە نزیكترین كاتدا دەخرێتە تەندەرینەوە و جێبەجێدەكرێت.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی داواكارییەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق كۆدەبێتەوە

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی گەیشتە بەغداد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کەشناسی: باران دەبارێت

کەشناسیی هەرێمی کوردستان کەشوهەوای ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە، بەپێی پێشبینییەکان ئەمڕۆ نمەباران دەبارێت و سبەینێ پلەکانی گەرما…
Total
0
Share