لەسەر كێشەی پارە تۆمەتبارێك برایەكی خۆی دەكوژێت، ئەو كەسانەشی لە تاوانەكەدا هاوبەشی دەكەن بە بڕێك پارە پاداشت دەكات.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای كەركوك ڕایگەیاند، دوای ئەوەی چەند كەسێكی چەكدار تەقەیان لە هاوڵاتییەك كرد كە لە بەردەم ماڵەكەی خۆی لە ناوچەی (دور فەیلەق) دانیشتبوو و بەهۆیەوە كوژرا و كوڕێكی برینداربوو، لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە دەستیپێكرد.
دوای كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی كامێراكانی چاودێریی، سەرەڕای ئەوەی تۆمەتباران شێوەی ئۆتۆمبێلەكان گۆڕی و لە زۆرینەی ناوچەكانی شارەكەدا لە هاتوچۆدا بوون، لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیركران، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەی پۆلیسدا هاتووە.
دەشڵێت، دەركەوت تۆمەتبار برای قوربانییەكەیە و بەهۆكاری ماددی تەقەی لە براكەی خۆی كردووە، بڕێك پارەشی بەو كەسانە داوە كە لە تاوانەكەدا بەشداربوون لەگەڵیدا.
پاش وەرگرتنی وتە و دانپێدانان، تۆمەتباران بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون.