سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان ڕایدەگەیەنێت، ژمارەی نوقمبووانی بەلەمەكەی دەریای ئیجە 51 كەس نەبوون، بەڵكو 64 كەس بوون و بەلەمەكەش 93 سەرنشینی تێدابووە نەك 80 سەرنشین و ژمارەیەك لەو كۆچبەرانەی كە بێسەروشوێنن كوردن.
بەكر عەلی سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، دوای ئەوەی بڵاوكرایەوە، بەلەمێك لە دەریای ئیجە نوقم بوو كە 80 سەرنشینی تێدابووە، بەڵام بەپێی دوایین زانیارییەكان كە بەدەست ئێمە گەیشتووە بەلەمەكە 93 سەرنشینی تێدابووە و 64 كەسیان بێسەروشوێنن 29 كەسیان ڕزگاركراون.
ئاشكرایكرد، ئەو كەسانەی ڕزگاركراون نەخراونەتە كامپەوە، بۆیە تائێستا هیچ زانیارییەك بە ئێمە نەدراوە، بەڵام ئەو كەسانەی لە بەلەمەكە نوقمبوون كورد، فارس، تورك و ئەفغانی تێدایە و ئێمە سەرقاڵی وەرگرتنی زانیارین لەسەر قوربانییەكان.
ڕاشیگەیاند، ئەو 29 كەسەی ڕزگاریان بووە لەبەشی سەرەوەی بەلەمەكە بوون و تائێستا چارەنووسی ئەو 64 كەسەی دیكە بە نادیاری ماوەتەوە.