عەبدولستار مەجید: لەسەر ئابڵوقەدانی سلێمانی بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڕەشەی كشانەوەی یەكێتیی لە حكومەت كرد

بەرپرسێكی كۆمەڵی دادگەری ڕایدەگەیەنێت، تائێستا پارتی سێجار هەڵوێستی خۆی لەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن گۆڕیوە و دەشڵێت، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا سەرۆكی یەكێتی باسی لە ئابڵوقەی ئابوری لەسەر سلێمانی كرد و وتی، بیرمان لە كشانەوە لە حكومەت كردووەتەوە.

عەبدولستار مەجید ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان دەربارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتیی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی عێراق و ڕەوشی سیاسی و ئابوری هەرێم و هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردن تاوتوێكرا.

عەبدولستار مەجید كە یەكێك بوو لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵێكی نزیك لە پارتی وتی، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژەی بەوەدا كە “ئابڵوقەی ئابوری لەسەر سلێمانی دانراوە و پرسیاری ئەوەی كردووە كە ئاخۆ بۆچی حزب پارەی دەرماڵەی خوێندكاران بدات، بۆچی پارەی دەرمانی نەخۆشخانەكان بدات، ئەی حكومەت چییە؟”.

هەر لە زاری بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەوەی وت، “ئەگەر وابڕوات ئێمە بیرمان لەوە كردووەتەوە لە حكومەت بكشێینەوە”.

بەرپرسەكەی كۆمەڵ پارتی بە بەرپرسیار لە دواخستنی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ناوبرد و وتی، تائێستا سێجار هەڵوێستی خۆی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن گۆڕیوە.

هەروەك دوایین هەڵوێستی پارتی لەسەر ئەو پرسە بە “پەیڕەونەكراو لە هیچ وڵاتێك” ناوبرد و ڕوونیكردەوە، سەرەتا پارتی وتی ڕازییە بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و فرە بازنەیی، دواتر پاشگەزبووەوە و سووربوونی لەسەر یەك بازنەیی نیشاندا “لەم كۆبوونەوەیەشدا پێشنیارێكی نوێیان هێنا كە باوەڕناكەم لە هیچ وڵاتێكی دونیا پەیڕەوكرابێت ئەویش 50 بە 50، واتە نیوەی چوار بازنەیی بێت و نیوەكەی دیكەی یەك بازنە”.

بەرپرسەكەی كۆمەڵ ڕوو لە پارتی ئەوەشی وت، ئەگەر چاوت لە ساختەكاری نییە و خۆت بە گەورەترین هێز دەزانیت، چی تێدایە ئەگەر جیاكردنەوەی دەنگەكان لەیەك كاتدا بە ئەلیكترۆنی و دەستیش بێت؟

ئەمڕۆ لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان بە ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق بەڕێوەچوو.

كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە دۆخی سیاسی و ئابوریی عێراق و هەرێمی كوردستان، هەروەها یاسای هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان‌ و چۆنیەتی كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان.

تیایدا بڕیاردرا كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌رده‌وامبێت له‌پێناو گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان‌ و كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆن. بڕیاریشدرا له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئەیلولی داهاتوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوشێوە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسانە ئەنجامبدرێتەوە.

بابەتی پێشتر

چەند یاریزانێکی یونایتد دەیانەوێت کریستیانۆ بڕوات

بابەتی دواتر

ڕوونكردنەوەیەك لە ئاژانسی زانیاریی ھەرێم-ەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

گەنجێک بە گولـلە بریندارکرا

کەمێک پێش ئێستا گەنجێک بە گولـلەی هاوڕێكەی لە شاری کەرکوک بریندارکرا. لەبارەی رووداوەكەوە، موقەدەم عامر نوری وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی…
Total
0
Share