بەرپرسی یەكەی 70ی هێزەكانی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێـت، “سوپای عێراق پەلاماری كێڵگەی غازی كۆرمۆر نادات و دەشڵێت، هێزی پێشمەرگە لە سەنگەرەكان جێگیركراون و لایەنە سیاسییەكان لە عێراق هیچ كاتێك دۆستی كورد نەبوون”.
مستەفا چاوڕەش بەرپرسی یەكەی 70ی هێزەكانی پێشمەرگە لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هێزەكانمان لە سەنگەردان و پارێزگاری لەو ناوچانە دەكەن، بەڵام لە سنووری كێڵگەی غازی كۆرمۆر بۆشایی ئەمنی هەیە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەنجامبدرێت بە مەبەستی پڕكردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەكان لە سنوورەكە.
ئاشكرایكرد، “بڕیارە دوو لیوای هاوبەش پێكبهێندرێن بەمەبەستی پڕكردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەكان لە سنوورەكەدا”.
بەرپرسی یەكەی 70 هێزەكانی پێشمەرگە پێیوایە، “سوپای عێراق پەلاماری كێڵگەی كۆرمۆر نادات و ئەوەی باسی لێوەدەكرێت هیچ بنەمایەكی نییە، بەڵام هەموومان دەزانین ئەوانەی لە عێراقن هیچ كاتێك دۆستی كورد نەبوون”.