لیوا “حاجی عوسمان” فەرماندە لە هێزەكانی پێشمەرگە و شەش پاسەوانی، بە تۆمەتی كوشتنی خۆپیشاندەرێكی كفری لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە ڕادەستی دادگا كران و لە پۆلیسی گەرمیان دەستبەسەرن.
عەلی جەمال قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگەیاند، لە 10ی 12ی 2020 لە كاتی خۆپیشاندانەكاندا هاوڵاتییەك بە ناوی شیروان محەمەد شكور لە قەزای كفری كوژرا و “ئەو كاتە دادگا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ چەند تۆمەتبارێك دەركرد، لەوانە لیوا ع. ح. ق ناسراو بە حاجی عوسمان و شەش پاسەوانی، دواتر فەرمانی دەستگیركردنەكەیان ڕەوانەی وەزارەتی پێشمەرگە كرا”.
ئاشكرایكرد، “ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگە، لیواكەی پێشمەرگە و شەش پاسەوانی ڕەوانەی پۆلیسی گەرمیان كرد بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكەی دادگا”.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دووپاتیكردەوە كە “ئێستا تۆمەتبارەكان بە بڕیاری دادگای لێكۆڵینەوەی كفری و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزاكان لای پۆلیسی گەرمیان لە كەلار بەندكراون و چاوەڕوانی پرۆسەی دادگاییكردنن”.