زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی “پێنج چركە لێمانەوە دوورە”‏

لە ڤیەنناوە هەواڵی خۆش لەبارەی ئەگەری زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی ڕاگەیەندرا، بەڕاددەیەك، سەرۆكی شاندی ڕوسیا لە دانوستانەكان دەڵێت، “5 چرکە لە هێڵی کۆتاییەوە نزیکین”.

میخائیل یولیانۆڤ سەرۆکی شاندی ڕوسیا بۆ دانوستانەكانی ئەتۆمی، لە ڤیەننای پایتەختی نەمساوە بە ڕوونی بە ڕۆژنامەنووسانی وت، لەگەڵ ئەوەی سێ چوار کێشە ماون کە لایەنەکان لەسەری ڕێکنەکەوتوون، بەڵام “تەنها 5 خوولەک، یان 5 چرکە لە هێڵی کۆتاییەوە نزیکین”.

دیپلۆماتكارە ڕوسییەكە دڵنیاییشی دا، ئەو چەند كێشەیەی ماون بەشێکیان لە چارەسەرەوە نزیکن و ئامانج ئەوەیە بەتەواوەتی بگەڕێنەوە بۆ رێككەوتنەكەی 2015 و زیندووی بكەنەوە.

دوای نزیكەی 150 ڕۆژ چەقبەستوویی، لە هەفتەی ڕابردووەوە گەڕێكی نوێی دانوستانەكانی زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران دەستیانپێكردووە، كۆبوونەوەكان لە ڤیەننا-ی نەمسا بەڕێوەدەچن.

ساڵی 2015، وڵاتانی ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕوسیا، چین (وڵاتانی 5+1) و ئەڵمانیا و ئێران ڕێككەوتنێكی ئەتۆمییان واژووكرد لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە، تیایدا ئێران دەستبەرداری بەشێک لە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی دەبوو، لە بەرامبەردا سزاکانی سەر تاران کەمدەکرانەوە.

بەڵام لە ساڵی 2018 و لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، واشنتن لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و دووبارە ئەمریکا سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، لە بەرامبەریشدا، ئێران پەرەی بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی دا.

بابەتی پێشتر

بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە نەجەف حەوت کەس گیانیان لەدەستدا

بابەتی دواتر

سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سەرۆكی حزبەكاندا كۆدەبێتەوە و هەڵبژاردن تەوەری سەرەكییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share