لەكاتێكدا كۆمپانیا گشتییەكانی فڕۆكەوانی لە جیهان لە چاوەڕوانی سەر لەنوێ دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانن بۆ باری ئاسایی پێش بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، هەندێكیان ئامادەكاری دەكەن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پاسپۆرتێكی ئەلیكترۆنی، كە بیسەلمێنێت گەشتیارەكە ڤاكسینی دژە كۆرۆنای بەكارهێناوە.
چاوەڕوان دەكرێت ئەوەی ڤاكسینەكەی وەرنەگرتووە، ڕێگەی گەشتی ئاسمانی پێنەدرێت لەسەر زۆرینەی هێڵەكانی فڕۆكەوانیی جیهان پاش بڵاوبوونەوەی ڤاكسینەكە بەشێوەیەكی بەرفراوان.
ڕۆژنامەی (زە هێڵ) بڵاویكردەوە، یەكێتی نێودەوڵەتی گەشتی ئاسمانی (ئیاتا) بەمدواییە گەیشتنی بە قۆناغەكانی كۆتایی دروستكردنی بەڵگەنامەیەكی گەشتكردنی قبوڵكراو لەسەر ئاستی جیهان ڕاگەیاندووە، كە دەبێتە مایەی دڵنیایی گەشتیاران و كۆمپانیاكانی گەشتی ئاسمانی.
پاسپۆرتە ژمارەییەكە زانیاریی دەربارەی پشكنینی گەشتیار و وەرگرتنی ڤاكسین لەخۆدەگرێت، كۆمپانیاكان پێداچوونەوەی پێدادەكەن بەر لە ڕێگەدان بە گەشتیار بۆ چوونە ناو فڕۆكەوە.
ئامانج لەو تەكنیكە چاوەڕوانكراوەی گەشتكردن، دورخستنەوەی گەشتیارانە لە زۆرێك لە كۆت و بەندەكانی سەفەر و ڕێوشوێنەكانی كەرەنتینە لەو وڵاتەی گەشتیار بۆی دەچێت.
چاوەڕوانیش دەكرێت زانیارییەكانی وەرگرتنی ڤاكسین لەڕێی ئەلیكترۆنییەوە بە پاسپۆرتی گەشتیارەوە ببەسترێتەوە، بۆ ئاسانكاری لە گەیشتن پێی، بەپێی ئەو وردەكارییەی ڕۆژنامەی (دەیلی مەیل) بڵاویكردووەتەوە.