جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، دەیانەوێت پلەی فەرمانبەران بەرزبکرێتەوە و باری حکومەتیش گران نەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەزیری دارایی میوانداریی پەرلەمان دەکەن.
لەبارەی بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەرانەوە، ھێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، لێدوانی بۆ میدیای فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان داوە و ڕایگەیاندووە، “لە لیژنەی دارایی لیژنەیەکی لاوەکی دروستکراوە، کە من سەرۆکی لیژنەکەم و خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکین و دوای تەواوبوونی، ڕەوانەی دەکەین بۆ حکومەت و داتامان وەرگرتووە، کە چەند فەرمانبەر پلەیان بەرزکراوەتەوە و چەندیش ماون و چۆن پلەیان بەرزبکرێتەوە”.
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی وتوویەتی، “دەمانەوێت پلەی فەرمانبەران بەرزبکرێتەوە و باری حکومەتیش گران نەبێت، بۆ ئەو مەبەستە میوانداریی وەزیری داراییش دەکەین بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە بدات”.
ھێڤیدار ئەحمەد ئاشكرایكردووە، چەند بژاردەیەکیان ئامادەکردووە کە حکومەت بتوانێت پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە، چونکە ئەوانەی سلکی سەربازین وەکو پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی و ئەوانەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەن پلەیان بەرزدەکرێتەوە، بەڵام ئەوانەی فەرمانبەری شارستانین ماون، “بۆیە چەند بژاردەمان ئامادەکردووە پلەی ئەوانیش بەرزبکرێتەوە، چونکە ناکرێت ئەوانەی ماون پلەیان بەرزنەکرێتەوە”.