فراكسیۆنی یەكێتی بە پێنج خاڵ وەڵامی شاخەوان عەبدوڵڵا دەداتەوە

وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران لەڕێگای پێنج خاڵەوە وەڵامی شاخەوان عەبدوڵڵا دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، “یەكێتی هێزێكە بە هیچ دەستكەوت و پۆستێك ئیغرا نابێت و ڕێگای نەدا هیچ لایەنێك ئیرادەی خۆی بەسەریدا بسەپێنێت”.

لە ڕوونكردنەوەكەدا فراكسیۆنی یەكێتیدا هاتووە، ” شاخەوان عەبدوڵڵا هەندێ لێدوانی داوە، لەسەر كێشەكانی پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە پێویستی بە هەڵوەستە لەسەركردنە، لەكاتێكدا پێچەوانەی بۆچوونی سەركردەكانیانە باس لە یەكڕیزی و تەبایی و ئاساییكردنەوەی دۆخەكە دەكەن.

دەقی وەڵامی فراكسیۆنی یەكێتی بۆ شاخەوان عەبدوڵڵا:-

یەكەم/ شاخەوان عەبدوڵڵا ڕایگەیاند، پۆستی سەرۆك كۆمار بەركەوتەی پێكهاتەی كوردە، پێویستە بەڕێزیان ئەوە بزانن پۆستەكەی بەرێزیشیان بەركەوتەی كوردە و نەدەبوو بەو جۆرە لایەندارییە حزبییە زەقە قسە بكات.

دووەم/ ئەم قسانەی شاخەوان عەبدوڵڵا لە كاتێكدایە كە سەرجەم هێزە سیاسیەكانی عێراق بە ئاراستەی چارەسەر و هێوربوونەوە كاردەكەن، ئەم قسانەی پێچەوانەی پەیامی سەركردە باڵاكانی حزبەكەیەتی كە بۆ گفتوگۆ و چارەسەر بڵاوی دەكەنەوە.

سێیەم/ سەبارەت بەوەی شاخەوان عەبدوڵڵا چوارچێوەی هەماهەنگی بەوە تاوانبار دەكات كە نێوانی یەكێتی و پارتی تێكداوە و یەكێتی ئیغرا كردووە بە پۆستی سەرۆك كۆمار، هەموو لایەك دەزانن كە پارتی دەستپێخەری كرد لەوەی بچێتە ناو هاوپەیمانیی سێقۆڵی و كێشەكانی نێوماڵی شیعە و بەبێ ڕێككەوتنی یەكێتی و پارتی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران وەربگرن و كاندیدی سەرۆك كۆمار تۆماربكەن و ئەوە پارتی بوو تەماحی لە پۆستی سەرۆك كۆمار كرد كە بەركەوتەی كورد و یەكێتییە و تاكلایانانە لەگەڵ ڕەوتی سەدر بۆ پۆست ڕێككەوتنی ئیمزا كرد بەبێ ئەوەی یەك خاڵی لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان تێدابێت، یەكێتی هێزێكە بە هیج دەستكەوت و پۆستێك ئیغرا نابێت و ڕێگای نەدا هیچ لایەنێك ئیرادەی خۆی بەسەریدا بسەپێنێت.

چوارەم/ لە قسەكانی شاخەوان عەبدوڵڵا دەستەواژەی «كەمینە»ی بۆ یەكێتی بەكارهێناوە، ئەم دەستەواژە و دەربڕینانە بۆ هیچ هێزێكی سیاسی گونجاو نییە بەكاربهێنرێت، بەتایبەت بۆ هێزێكی وەك یەكێتی كە ژمارەی شەهیدەكانی زیاتر لە بیست هەزار شەهیدە، سیاسەت و پێگە و سەنگی یەكێتی لە عێراقدا بە قسەی هیج كەسێك نادیدە ناگیرێت.

پێنجەم/ شاخەوان عەبدوڵڵا بەناوی ڕەوتی سەدرەوە قسەدەكات، لە كاتێكدا ئێستا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانن و گونجاو نییە بەناوی كەس و لایەنی ترەوە قسە بكات.

بابەتی پێشتر

ئۆپیك + بەرهەمهێنان بە بڕێكی كەم زیاددەكات

بابەتی دواتر

نرخی ئارد و نان هەرزاندەكرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share