جەیمس وێب جارێکی دیکە جیهان سەرسام دەکات
وێنەی پێکدادانی دوو گەلەئەستێرە تۆماردەکات

تێلسکۆپی جەیمس وێب وێنەیەکی نوێی گەلەئەستێرەی Cartwheelی تۆمارکردووە، کە دوای پێکدادانی دوو گەلەئەستێرە شێوەیەکی سەرنجڕاکێشی وەرگرتووە، بەجۆرێک ناسا لەدوای وێنەکانی جەیمس وێب بۆ ئەو گەلەئەستێرەیە سەرسامیی پیشانداوە، گەلەئەستێرەکە لە پێکدادانی دوو گەلەئەستێرە دروستبووە و بووەتەهۆی دروستبوونی بازنەیەکی گەورە بەدەوریدا.

ئاژانسی ناسا ئاشکرایکردووە، ئەو بازنەیەی هاوشێوەی شەپۆلێک بەدەوری گەلەئەستێرەکەدا دروستبووە زیاتر لە 440 ملیۆن ساڵە لە فراوانبووندایە.

پێشتر تێلسکۆپی هەبڵ وێنەی ئەو گەلەئەستێرەیەی تۆمارکردووە، بەڵام جەیمس وێب توانیویەتی لە مەودایەکی زۆر فراوانتردا و بە کوالێتییەکی بەرزتر وێنەکە تۆماربکات، هەروەها وردەکاریی دروستبوونی ئەستێرەکانی تۆمارکردووە کە دوورییەکەی 550 ملیۆن ساڵی ڕووناکییە لە زەوییەوە.

جەیمس وێب بە وردی و ڕوونییەکی زۆرەوە تایبەتمەندییەکانی کوونە ڕەشەکەی ناو ئەو گەلە ئەستێرەیەی تۆمارکردووە.

وێنەکە یارمەتی توێژەران دەدات بۆ دۆزینەوەی ئەو ناوچانەی دەوڵەمەندن بە کاربۆهیدراتەکان و ماددە کیمیاییەکانی دیکە، هەروەها زانیاری لەبارەی ئەو تۆزەی لە گالاکسییەکەدا هەیە کە هاوشێوەی تۆزی دەوری زەوییە، وێنەکە یارمەتیی بینین گەلە ئەستێرەی زیاتر لە دەوروبەری گەلە ئەستێرەی Cartwheel دەدات، ڕوونی و وردیی وێنەکە یارمەتیی زانایان دەدات بۆ تیگەیشتن لە چۆنێتیی قۆناغەکانی گۆڕانکاری لە گەلەئەستێرەی Cartwheelدا کە بەدرێژایی ملیاران ساڵ ڕوویانداوە.

زانایانی ناسا باس لەوەدەکەن، ئەو تۆزەی دەوری گەلەئەستێرەکەی داوە ژینگەیەکی لەبارە بۆ دروستبوونی ملیۆنان ئەستێرەی دیکە لە گەلەئەستێرەکەدا.

 

 

بابەتی پێشتر

پۆگبا پێنج هەفتە دووردەكەوێتەوە

بابەتی دواتر

نەتەوە یەکگرتووەکان: دەبێت ڕێککەوتنی شەنگال بە تەواوی جێبەجێ بکرێت بەبێ دواکەوتنی زیاتر

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share